زەحمەتە شەڕی سارد دووبارە دەست پێبكاتەوە بەڵام كێشە و ناكۆكیی ئیقلیمی زیاتر دەبینین
هنری فارێل هەروەها گوتی: پێموایە دەوڵەتی ئیسلامی رووبەڕووی دوو تەحەددی دەبێتەوە، یەكەمیان سیاسییە و خۆی لە دەست بەسەردا گرتنی خاكدا دەبینێتەوە، ئەوی دیكەیان كۆمەڵایەتییە و خۆی لە بەدەستهێنانی عەقڵ و دڵی خەڵكدا بەرجەستە دەكات و بەدەستهێنانی باوەڕی خەڵك بەوەی چی هەڵەیە و چی راستە. لە رووی دەست بەسەرداگرتنی خاكەوە رووبەڕووی تەحەددی بۆتەوە، چونكە لە سەرەتادا بە رەوتێكی زۆر خێرا بەرفراوان بوو، بەڵام ئێستا دووچاری دژواری بۆتەوە لەوەی پتر بەرفراوان بێت، هەروەها رووبەڕووی زەحمەتی بۆتەوە لە پاراستنی هەندێ لەو خاكانەی دەستی بەسەردا گرتوون. لە پەیوەندی بە بەدەستهێنانی پشتیوانی جیهانی ئیسلامییەوە ئەوا دڵڕەقییەكەی كارێكی كردووە- بەدەستهێنانی ئەو پشتیوانییە- زەحمەت بێت.
شاياني باسه هنری فارێل هەروەها گوتی: شەڕی سارد ناكۆكییەكی جیهانی بوو، پێموایە لە ئێستادا مەترسی زیاتری ناكۆكی ئیقلیمی لە ئارادایە، رووسیا دیكتاتۆرێكە و پتر بەرەو دژایەتی رۆژئاوا دەڕوات و دەیەوێت خۆی پیشانبداتەوە بەوەی كە هێزی هەیە، ئەگەرنا لەو باوەڕەدانیم رووسیا تموحی ئەوەی هەبێت بە چەشنی 25 ساڵ بەر لە ئێستا جیهان بگۆڕێت، بەڵكو پتر كار لەسەر كۆنتڕۆڵكردنی دراوسێكانی دەكات. هەروەها تا راددەیەكی زۆر خەونەكانی چینیش سنووری ئیقلیمی تێناپەڕێنێت و خوازیارە وەك هێزێكی سەرەكی بناسرێت لە ئاسیا و چەند شوێنكی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا، بەڵام لەوێش لەبەر هۆكاری ئابووری ئەو رۆڵەی نییە، بەهەرحاڵ پشێوی و ناكۆكی زیاتر بەدی دەكەین.
له كۆتایی قسەكانیدا فارێل گوتی: لە نێو گروپە توندڕەوەكاندا هەوڵى ئەوەیە هەیە كە دڵ و عەقڵی خەڵك بەدەست بهێنن، یاخود رووبكەنە ئەو كەسانەی كە تووڕە و نائومێد بوون، ئێمە ئەو شەڕە گەورەیەمان بینی لە نێوان ئەلقاعیدە و گروپە جیاوازەكانی دیكە لە عێراقدا، بەڵام تاوانەكانیان نەگەیشتنە دڕندەیی داعش. كاتێك دەوڵەتی ئیسلامی بڕیاری سووتاندنی فڕۆكەوانە ئەردەنییەكە دەدات، ئەم كارەی نابێتەهۆی ئەوەی لە جیهانی ئیسلامیدا دۆست بۆ خۆی بەدەست بهێنێت، چونكە ئەو دڵڕەقی و دڕندەیەتییە دەبینن، بۆیە پێموا نییە زیاتر لەو سنوورەی ئێستا بەرفراوان بن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1014)
