تائێستا تەنها پێشمەرگە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعشدا هێزی سەرەكی بووە
بینجامین كۆهین هەروەها گوتی: ئێمە مامەڵە لەگەڵ تەحەددییەكانی دەوڵەت و كاراكتەر غەیرە دەوڵەتییەكاندا دەكەین، ئەوە بەشێكی هۆكارەكەن بۆ دروستبوونی ئەو جیهانەی كە ئێوە وەسفی دەكەن كە پشێوی باڵی بەسەریدا كێشاوە، بەهۆی رەفتاری دەوڵەتگەلێكی دیاریكراوی وەك رووسیا و چین و بەتایبەتی كۆریای باكوور، كە ئەو دەوڵەتانە پتر هاوشێوەی دەوڵەتانی سەدەی نۆزدە و بیست رەفتار دەكەن كە هەوڵیان دەدا دەست بەسەر خاكدا بگرن، وەك ئەوەی لە كریمیا بینیمان. هەروەها كۆماری چینی میللی بانگەشەی خاوەندارێتی خاك دەكات لە رۆژهەڵاتی دەریای چین و باشووری دەریای چین، ئەمە یەكێك لە سەرچاوەكانی ئەو دژوارییانەن رووبەڕووی بووینەتەوە. تەحەددییەكانی دیكە لە كاراكتەرە غەیرە دەوڵەتییەكانەوە سەرچاوە دەگرن، وەك داعش، یان دەوڵەتی ئیسلامی، بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی تەنها گروپێكە لەو گروپانەی كە هەمان پاڵنەریان هەیە، ئەویش ئەنجامدانی توندوتیژییە لە ژێر پەردەی ئیسلامدا، ئەوانیش وەك بۆكۆ حەرام و ئەلقاعیدە لە كەنداوی عەرەبی و گروپەكانی پاكستان، هەموو ئەوانە هاوبەشن لە ئایدیۆلۆژیایەكدا كە بێئەندازە توندە.
شایانی باسە كۆهین هەروەها گوتی: قەتەر تا راددەیەك هەڵوێستی خۆی نەرمتر كردووە لە ژێر فشاری سعودیە و وڵاتانی دیكەی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، بەڵام كێشە راستەقینەكە توركیایە و ناتوانرێت بە بێ هاوكاری توركیا هەڵمەتێكی جددی بەریتەسەر داعش. حكومەتی توركیا سەرقاڵی ئەوەیە پێگەی دەستڕۆیشتوویی بۆ خۆی دابمەزرێنێت. ئێوە بەشێكن لەو جیهانە و پەیوەندی نێوان حكومەتی ئەنقەرە لەگەڵ نەتەوەی كوردی وڵاتەكەی باش نییە. بەڵام ڕۆژئاوا پێویستی بە هاوكاری توركیا هەیە و توركیاش ئەم راستییە دەزانێت و دەیەوێت لەبەرامبەر هەر هاوكارییەدا دەستكەوتێك بەدەست بێنێت، من دەزانم تا راددەیەكی ماقووڵ توركیا پەیوەندییەكی باشی هەیە لەگەڵ -هەرێمی كوردستانی عێراقدا- بەلای كەمەوە ئەمە تێگەیشتنی منە، ئومێدەكە ئەوەیە ئەمە سەربكێشێت بۆ جۆرێك لە هاوكاری سەربازی، كێشەكە ئەوەیە توركیا پێداگیری دەكات لەسەر بینینی رۆڵێكی سەربەخۆ، نەك رۆڵێك بێت بكەوێتە خزمەتی رۆڵی ئەمریكاوە. بەڵام بەگشتی تاوەكو هاوكاری توركیا بەدەست نەهێندرێت، ئەوا تێكشكاندنی داعش زەحمەت دەبێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا بینجامین گوتی: لە بەرژەوەندی رۆژئاوایە كە هەرچییەكی لەدەست بێت بۆ بەهێزكردنی توانای پێشمەرگە ئەنجامی بدات، من هەستێكی بەهێزم هەیە لەم بارەیەوە. لەوەش زیاتر، پێویستە هەوڵ و كۆشش بخرێتەگەڕ بۆ راكێشانی خێڵە سوننەكان لە پارێزگای ئەنبار لە بەشی رۆژئاوای عێراق بۆ ئەوەی ئەوانیش لەسەر زەوی شەڕی داعش بكەن. هەموو كەس هاوڕایە كە هێزی ئاسمانی بە تەنها هەرگیز نابێتە هۆی تێكشكاندنی داعش، دەكرێت ببێتە هۆی ئیحتیواكردنی داعش– بە دڵنیاییەوە دەركەوت كە یارمەتیدەرە لە شوێنێكی وەك كۆبانێ-، ئێمە دەزانین كە دەبێت هێزی زەمینی بڵاو بكرێتەوە، تا ئێستاش بە شێوەیەكی سەرەكی ئەو هێزە پێشمەرگە بووە، من بە توندی پشتیوانی لەوە دەكەم پێویست بە دەستەبەركردنی چەك هاوكاری پێشمەرگە بكرێت. هەروەها باوەڕم وایە پێویستە سەرنجی سوننەكانیش رابكێشرێت، هەروەها پشتیوانییان بكرێت و زەمانەتیان پێبدرێت كە لە حكومەتی بەغدا دەنگ و سەنگیان دەبێت، واتە هەر شتێك كە ببێتە هۆی هاندانی سوننە بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشمەرگەدا شەڕی داعش بكەن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1014)
