كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەبادی كۆتاییهات
كاتژمێر 1:30 دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ دەست بە كۆبوونەوەكە كرا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ، دوای نانخواردنی نیوەڕۆ بە میوانداریی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست بە كۆبوونەوەكان كرایەوە و كەمێك پێش ئێستاش كۆتاییهات .
بەشدارانی كۆبوونەوەكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بریتی بوون لە : حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیران ، هوشیار زێباری وەزیری دارایی ، عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت ، سەلمان جمێلی وەزیری پلاندانان ، د.مەهدی عەلاق بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران ، فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ، د.حامد خەلەف ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران . هەروەها حوسێن شەهرستانی جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە .
شاندی هەرێمی كوردستانیش بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوو لە : فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان ، رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری ، عەلی سندی وەزیری پلاندانان ، سەفین دزەیی گوتەبێژی حكومەت ، ئامانج رەحیم ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران .
تەوەری سەرەكی دانوستاندنەكان ، پرسی هەناردەكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت بوو لە هەرێمی كوردستان و كەركووكەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی كە عێراق بیفرۆشێت و داهاتەكەی بچێتە حیسابی بەغداوە ، هەروەها لە بەرامبەردا عێراق 17%ی بودجەی گشتیی عێراق بداتە هەرێمی كوردستان .
بەپێی زانیارییەکانو لە یەکەم کۆبوونەوەیاندا شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا نە گەیشتوونەتە رێککەوتن و بڕیارە دوای کۆبوونەوەی نێوان خۆیان بە جیا دووبارە شاندی هەردوولا کۆببنەوە.
رووداو
