هیچ بڕیارێك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پاسەوانان دەرنەكراوە

 هیچ بڕیارێك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پاسەوانان دەرنەكراوە
راوێژكاری وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان رەتی دەكاتەوە هیچ بڕیارێك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی پاسەوانی بەرپرسان و بارەگا حزبییەكان دەركرابێت.

راوێژكاری سەربازیی وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لیوا (بەختیار بایان)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، هیچ بڕیارێك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی كارمەندانی پاسەوانی بەرپرسان و بارەگاكان دەرنەچووە، ئەو مەسەلەیە تەنیا قسەی ناو خەڵكە و هیچی دیكە نییە.

لیوا (بەختیار) گوتیشی، زیادكردنی مووچەی پاسەوانەكان كە بەشێكن لە هێزی ئاساییشی ناوخۆ بەپێی یاسا لە پەرلەمان دەرچووە، بۆیە هیچ بڕیارێك بۆ كەمكردنەوەی مووچەی ئەو كارمەندانە نییە.

راوێژكارەكەی وەزیری ناوخۆ جەختی كردەوە كە، ئەوان كار بە نووسراوی فەرمی دەكەن و كار بە قسەو لێدوانی راگەیاندن ناكەن.

وا بڵاو كراوەتەوە كە 300 هەزار دینار لە مووچەی كارمەندانی پاسەوانی بەرپرسان و دامەزراوە حزبییەكان كەم دەكرێتەوە، ئەوەیش نیگەرانیی لێ كەوتووەتەوە.
Top