لەسنوری پارێزگای ھەڵەبجە پاسدارانی ئێران لیوایەک و سێ ھاوولاتی دەڕفێنن

لەسنوری پارێزگای ھەڵەبجە پاسدارانی ئێران لیوایەک و سێ ھاوولاتی دەڕفێنن
لەگوندێکی سەر بەپارێزگای ھەڵەبجە چەند پاسدارێکی ئێرانی بەشێوەیەکی نایاسایی سنوری ھەرێمی کوردستان دەبەزێنن و ئامر لیوایەکی خانەنشینکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان و سێ ھاوڵاتی دیکە دەڕفێنن، مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لەو روداوە ئاگادار دەکرێنەوە.



بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر کەوتون ئەمڕۆ چەند پاسدارێکی ئێرانی دێنە خاکی ھەرێمی کوردستان و لەگوندی (لاوران)ی ناوچەی نەوڕۆڵی سەر بەپارێزگای ھەڵەبجە, ئامر لیوای خانەنشینکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان و کەسایەتی ناسراوی ھەڵەبجە (سەید بەھادین) و دوو پاسەوانی بەناوەکانی (کۆسار عوسمان ) و (عەلی عەبدول ) و شۆفێری شۆفلێک بۆ سنوری شاری پاوەی رۆژھەڵاتی کوردستان دەڕفێنن کە سەرقاڵی ڕاکێشانی ڕێگایەک بوون.

ھەربەگوێرەی زانیارییەکان (سەید بەھادین ) بەنیاز بووە لەسەرئەرکی خۆی ڕێگای ھاتوچۆی گوندەکەیان چاک بکاتەوە بۆ ئەو مەبەستەش فەرمانگەو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای ھەڵەبجەی لێ ئاگادار کردوەتەوە, ھاوکات سنوری ھەرێمی کوردستانی نەبەزاندوە بەڵکو بەپێچەوانەوە پاسدارەکان سنوریان بەزاندوە.

ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر ئەوەشی زانیوە کە (فازیل بەشارەتی ) بەپرسی لقی ١٢ پارتی دیموکراتی کوردستان لەھەڵەبجە ھەریەکە لەمەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی لەو رووداوە ئاگادارکردوەتەوە ھەوڵەکانیش بۆ ئازادکردن و گێرانەوەیان بۆھەڵەبجە بەردەوامە.
Top