كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەبادی بەردەوامە

 كۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و عەبادی بەردەوامە
كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و حكومەتی عێراق بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی بەردەوامە .

كاژێر 1:30 دوای نێوەڕۆی ئەمڕۆ دەست بە كۆبوونەوەكە كرا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ، دوای نانخواردنی نیوەڕۆ بە میوانداریی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەست بە كۆبوونەوەكان كرایەوە .

بەشدارانی كۆبوونەوەكە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بریتین لە : حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، د.رۆژ نوری شاوەیس جێگری سەرۆك وەزیران ، هوشیار زێباری وەزیری دارایی ، عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوت ، سەلمان جمێلی وەزیری پلاندانان ، د.مەهدی عەلاق بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیران ، فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ، د.حامد خەلەف ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران . هەروەها حوسێن شەهرستانی جێگری پێشووی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە .

شاندی هەرێمی كوردستانیش بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پێكهاتووە لە : فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران ، ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سرووشتییەكان ، رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابووری ، عەلی سندی وەزیری پلاندانان ، سەفین دزەیی گوتەبێژی حكومەت ، ئامانج رەحیم ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران .

تەوەری سەرەكی دانوستاندنەكان ، پرسی هەناردەكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت لە هەرێمی كوردستان و كەركووكەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی كە عێراق بیفرۆشێت و داهاتەكەی بچێتە حیسابی بەغداوە ، هەروەها لە بەرامبەردا عێراق 17%ی بودجەی گشتیی عێراق بداتە هەرێمی كوردستان .

ئەو رێككەوتنە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 2/12/2014دا ، دەبووایە لە سەرەتای ئەمساڵدا جێبەجێبكرێت ، بەڵام بەغدا تائێستا بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە .

نێچیرڤان بارزانی ، لەو سەردانەیدا پێشنیازی ئەوە دەداتە بەغدا كە سێ مانگ جارێك تەماشای ئەوە بكرێت كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەندبووە بە هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوتە یان نا ، نەك رۆژانە ئەوە بژمێردرێت ، چونكە ئەوە شتێكی كردەیی نییە . هەروەها نێچیرڤان بارزانی لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند كە ئەوان لەسەردانی پێشووشدا بە بەغدای راگەیاندووە كە ئەوان بڕە نەوتی زیاتر لەو بڕەی دیاریكراوە دەنێرن ، چونكە پارەیان بە قەرز لە كۆمپانیا نەوتییەكان وەرگرتووە بەرامبەر بەڵێنی پێدانی نەوت پێیان .









رووداو
Top