خێزانی شەهیدانی سەنگەر زەوییان پێدەدرێت
مەحموود حاجی ساڵح، وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا ئاماژە بەوە دەكات، كە پشتبەستوو بەو یاسایەی لە ساڵی 2007 لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، هەموو خێزانی شەهیدانی سەنگەر پارچەیەك زەوییان پێدەدرێت.
وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان باس لەوەش دەكات، كە ماوەیەكی زۆرە خێزانی شەهیدان زەوییان پێنەدراوە. لەو بارەیەوە دەڵێ: "لە ساڵانی رابروودا لە هەرێمی كورستاندا بڕیارێك دراوە بۆ راگرتنی دابەشكردنی زەوی، ئەو بڕیارە كاری ئێمەشی دواخست، بۆیە داوامانكردووە ئەو بڕیارە خێزانی شەهیدانی سەنگەری لێ بەدەربكرێت، جگە لەوە ئەو زەوییانەشی بەنیازن بماندەنێ، گرفتی هونەرییان هەیە".
هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامیان ئەرێنی بووە بۆ پێدانی زەوی بە خێزانی شەهیدانی سەنگەر. وەزیری شەهیدانیش دەڵێ "بۆیە ئێمە داوامانكردووە پەلەبكرێت لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی پەرلەمانی كوردستان".
هەژار هاشم، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری شەهیدان ژمارەی شەهیدانی سەنگەر ئاشكرادەكات و دەڵێت "جگە لە شەهیدانی شەڕی داعش، چونكە ئەوان كاری دیكەیان بۆ دەكرێت، 16هەزارو 881 شەهیدی سەنگەرمان هەن، كە رەزامەندییان بۆ وەرگیراوە زەوییان پێبدرێت، بەڵام تائێستا 3 هەزارو 881یان پێیان دراوە، واتە12 هەزارو 997 پارچە زەوی دیكەمان پێویستە".
رووداو
