ماوەتی: هەرێمی کوردستان ئامادەی گۆڕینەوەی دیلە لەگەڵ داعش

 ماوەتی: هەرێمی کوردستان ئامادەی گۆڕینەوەی دیلە لەگەڵ داعش
بەپێی گوتەی پەرلەمانتارێكی كوردستان، ژمارەی پێشمەرگە دیلەکان لە لای داعش و ژمارەی دیلەکانی داعشیش لەلای هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات و راشیدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان ئامادەیە پێشمەرگە دیلەکان بە چەکدارە گیراوەکانی داعش بگۆڕێتەوە.

دلێر ماوەتی، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە‌ و شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید، لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ئەوە ئاشكرا دەكات، كە ئێستا هەوڵی زۆر جدی هەیە بۆ ئازاد كردنی ئەو پێشمەرگە دیلانەی لەلای داعشن، "بەتایبەت ئەم هەوڵە لەدوای پیشاندانی دیلە پێشمەرگەكان لەنێو حەویجە چڕتر بووەتەوە، ئەو هەوڵانەی تاوەکو ئێستاش دراون ئەوەیە هەرێمی كوردستان ئامادەیی دەربڕیوە بەپارە بێت یان دیل بەدیل ئەو پێشمەرگانە ئازاد بكرێن".

ئەو پەرلەمانتارە هەرچەندە ژمارەكە بەدیاریكراوی ناڵێت، بەڵام ئاشكرای دەكات، كە تاوەکو ئێستا نزیكەی 50 پێشمەرگە لەلای داعش دیلن و ژمارەی دیلەكانی داعشیش لە هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە".

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ‌و شەهیدان ‌و قوربانییانی جینۆساید، باس لەوەشدەکات، کە ئەگەر داعش ئامادەی دیل بەدیل بێت، ئەوا ئامادەن ئەو چەكدارانەشیان، كە لە كوبانێ‌ دەستگیركراون، دیل بە دیلیان پێبكرێت.










رووداو
Top