گوتەبێژی پارتی: پێویستە پەكەكە بەرپرسیارانە مامەلە گەڵ دۆخی هەرێمی كوردستاندا بكات

گوتەبێژی پارتی: پێویستە پەكەكە بەرپرسیارانە مامەلە گەڵ دۆخی هەرێمی كوردستاندا بكات
گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێ، پارتی پشتیوانی لە سیاسەت و خەبات و پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە توركیا دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی كورد لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی دا و دەشڵێ" هیوادارین پەكەكە یەكڕێزی نەتەوەیی لەگەل هەرێمی كوردستان بپارێزێ و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی هەرێمدا بكات.



گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان، دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم، لە لێدوانێكیدا بۆ پەیامنێر راگەیاند: ئێمە وەك پارتی پشتیوانی سیاسەت و خەباتی پارتی كرێكارانی كوردستانمان كردووە بۆ ئەوەی لە باكووری كوردستان پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەبەرن. هەموو هاوكاریەكی سیاسی و مەعنەوی كراوە، بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی چارەسەری لە توركیا سەربگرێت و مافی ڕەوای گەلی كورد لە باكور بەدەست بێت و پەكەكە خۆی ستایشی رۆلی سەرۆك بارزانی و مام جەلال و كاك نێچیرڤانی كردووە و دیارە".



لەبارەی پشتگیری یەكێتی لە سیاسەتی پەكەكە، گوتەبێژی پارتی دەڵێ: هەر دەست تێوردانێكی سیاسی و سەربازی لەدەرەوەی هەرێمی كوردستان نەك هەر بۆ حكوومەت، بەڵکوو گرفت بۆ هەموو دەستەڵات دروست دەكات و یەكێتی خۆی بەشدارە لە حكوومەت و كێشە بۆ یەكێتیش دروست دەكات. ئەگەر هەندێ هەنگاو نرابن لەلایەن حزبێكەوە یان تاكەسی بیت هەتا لەلایەن كەسەكانی ناو یەكێتی، بەشێوازێك بێت كە پەكەكە هانبدرێت كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست بكات، ئینجا لەشنگال بێت یان هەر شوێنێكی دیكە، ئەو هەنگاو لەشوێنی خۆیدا نیە و ئێمە بە هەموو شێوەیەك رەتی دەكەینەوە و ئەوە بەرپرسیارانە نەبووە.



دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم گۆتیشی: ئێمە چاوەڕێین پەكەكە بەشێوەیەكی بەرپرسانە مامەلە لەگەڵ دۆخی هەرێمی كورستان بكات و ئەگەر كەم و كۆڕیش هەبێت، چارەسەری بكەن. پەیوەندی باشیان لەگەل هەرێمی كوردستان هەیە و ئەو یەكڕێزی نەتەوەیی هەر وەك خۆی بمێنێ، چاوەڕێی ئەوەش لە یەكێتی دەكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی بەم دوایە هاتنە ئاراوە".
Top