كاندیدی سەرۆكی ئەمەریكا : پێویستە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ پێشمەرگە پڕچەک بکات

	 كاندیدی سەرۆكی ئەمەریكا : پێویستە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ پێشمەرگە پڕچەک بکات
یەکێک لە دیارترین کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا (د.رێند پاڵ)، لە وەڵامی پرسیارێکی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا دەڵێ، داوام کردووە کە ئەمەریکا راستەوخۆ هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکات. هاوکات لینکی ئەو چالاکیانەیشی ناردوون کە پێشمەرگەی بە شایەنی پڕچەککردن لە دژی تیرۆریستانی داعشدا زانیوە.

ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە میانی پرسیارێکی بۆ سیناتۆر (د.رێند پاڵ) کە بۆچی وەک سیناتۆرێک و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ٢٠١٦ـدا لە ئاست پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە بێدەنگی؟ کەچی پێشمەرگە لە جیاتی ئەمەریکا و گشت جیهان شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکات؟
ئەمڕۆ سیناتۆر (د.رێند پاڵ) لە وەڵامی ئەو پرسارەدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان گشت چالاکییەکانی پێوەست بە پاڵپشتی لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ناردووە و داوایشی لە وڵاتەکەی کردووە کە راستەوخۆ چەک بە هێزەکانی پێشمەرگە بدات و، پێشمەرگەی لە دژی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکەدا پڕچەک بکات.
(پاڵ) لەبارەی پێشمەرگەوە دەڵێت، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان باشترین جەنگاوەرن کە لە دژی تیرۆریستانی داعش دەجەنگن و، پێویست ناکات ئەمەریکا هێزی سەربازی لە دژی تیرۆریستانی داعش بجووڵێنێت، بەڵکە پێویستە ئەمەریکا راستەوخۆ هێزی پێشمەرگە پڕچەک بکات؛ بۆچی لە رێگەی شیعەکانەوە لە بەغدا چەک بۆ کورد رەوانە بکرێت؟ ئەمە کارێکی هەڵەیە و پێویستە راستەوخۆ چەک بۆ پێشمەرگە بنێردرێت؛ گەلێک چەکی ئەمەریکا لە ئەفغانستان هەن، وا باشترە ئەو چەکانە بگوازرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و بدرێنە دەستی هیزی پێشمەرگە، زۆر باشترە وەک ئەوەی لە ئەفغانستان ئەو چەکانە کەوتوون و بەکار ناهێندرێن."

(پاڵ) خاوەنی دوو بیرۆکە نوێیەکەی کۆمارییەکانە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین کە چۆن وڵاتەکەی لە سیاسەتی نوێ رۆژهەڵاتی ناویندا خۆی بگونجێنێ و، لە دیمانەیەکی پێشووی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان، گەلی کوردی لە رۆژهەڵاتی ناوین بە شایەنی دۆستی ئەمەریکا زانی، هەروا لەلایەکی دیکەوە لەو دوو بیرۆکەیەی کە هەیبوون بۆ رۆژهەڵاتی ناوین کە ئەمەریکا پێویستە دۆستەکانی بناسێنێ و لە هەر کارێکیشدا پێویستە شکست نەبات، لە هەردوو بیرۆکەکەیدا (رێند پاڵ) شوێنی کوردی لە هاوکێشەی نوێ ئەمەریکا بە ناراستەوخۆ کردووەتەوە کە پێویستە جێگەی بایەخ و گرینگی وڵاتەکەی بێت.

پرۆفایل
(د.رێند پاڵ) ناوی تەواوی (راندال هاوارد پاڵ) ناسراوە بە (رێند پاڵ) لە ساڵی 1963 لەدایك بووە و ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكایە لە لیستی كۆمارییەكان و تەمەنی 51 ساڵە، 23 ساڵە هاوسەرگیریی كردووە و 3 منداڵی هەیە.
لە ساڵی 2011 بۆ ئەو پۆستە لە لیستی كۆمارییەكانی ئەمەریكا هەڵبژێردراوە. لە ماوەیەكی خێرادا لە بواری دەستووری و دارایی توانای خۆی لە ئەمەریكا جێگیر كردووە و بووەتە یەكێك لە ناسراوترین سیناتۆرەكانی ئەمەریكا. هەروەها بەوە ناسراوە كە دژی سەرپێچیی حكوومییە لە ئەمەریكا و لەو بوارەیشدا لە چەندین كەیسی گرینگدا رۆڵی سەرەكیی گێڕاوە. لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا لە بواری پێوەندیی دیپلۆماسی و تەندروستی و خوێندن و كاردا، رۆڵی سەرەكی هەبووە و پێوەست بە بواری ئاساییشی نێوخۆیی و كاروباری حكوومییشەوە رۆڵی هەبووە.
(د.رێند پاڵ)، خوێندنی پزیشكیی تەواو كردووە و پسپۆڕییەكەی لە نەشتەرگەریی چاوە، بە گوێرەی زانیارییەكانی میدیای ئەمەریكا لە پاڵ كاری سیناتۆری و ئەندانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا، خۆبەخشانە یارمەتیی هاووڵاتیانی ئەمەریكا دەدات بۆ نەشتەرگەریی چاو.
یەكێك لە دیارترین كاندیدی پارتیی كۆمارییە بۆ سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2016.
Top