كه‌مال كه‌ركووكى: پێویستمان به‌ حه‌شدى‌شه‌عبى نییه‌.. لایەنه‌كان به‌ فه‌رمى ڕه‌تیان کردووه‌ته‌وه‌

 كه‌مال كه‌ركووكى: پێویستمان به‌ حه‌شدى‌شه‌عبى نییه‌.. لایەنه‌كان به‌ فه‌رمى ڕه‌تیان کردووه‌ته‌وه‌
(د.کەمال کەرکووکی) ڕایگەیاند، كوردستان پێویستی به‌ حه‌شدى‌شه‌عبى نییه‌ و پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت سنوورەکەى بپارێزێت؛ "له‌ دانیشتنە فه‌رمییەکەی هەموو لایەنەکان له‌ كه‌ركووكیشدا، هەموومان یەک ڕه‌ئیمان هه‌بوو، ئیتر نازانم له‌ دڵه‌وه‌ چۆنن، به‌ڵام به‌ فه‌رمى و ڕه‌سمى هه‌موویان هاوڕا بوون و 'حه‌شدى‌شه‌عبی'ـیان ڕه‌ت كرده‌وه‌."

)د. کەمال کەرکووکی) ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتیى دیموكراتى كوردستان و بەرپرسی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک ‌ـ دوبز بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمه‌ له‌ كوردستان پێویستمان به‌ حه‌شدى‌شه‌عبى نییه‌ و، پێشمه‌رگه‌ ده‌توانێت سنوورى كوردستان بپارێزێت، له‌ كوردستان به‌ كردار پێشمه‌رگه‌ ئیسپاتى كرد كه‌ ده‌توانێت خه‌ڵكى كوردستان بپارێزێت و هیچ پێویستى به‌ حه‌شدى‌شه‌عبى و جه‌یشى عێراق نییه؛‌ خۆى بسه‌پێنێته‌ سه‌ر خه‌ڵك و شاره‌كانى كوردستان عه‌مه‌لییه‌نیش ئیسپات بوو و، پێشتریش له‌ سه‌رده‌مى حكوومه‌ته‌كه‌ى مالیكى كه‌ چه‌ند هه‌وڵیان دا و، جه‌یشیان درووست كرد و، چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نى زۆریان پێ دان، پاشان به‌ چه‌ند سه‌عاتێك ڕاده‌ستى داعشیان كرد و، ناوچه‌كه‌شیان ‌جێ‌هێشت، ئێستا هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان كه‌ هێزێكى پاك و دڵسۆز و ئه‌زمووندیته‌یه‌ و، به‌بێ ڕق و كینه‌ گشت دانیشتووانى كوردستان به‌ گشت پێكهاته‌كانه‌وه‌ به‌بێ جیاوازى ده‌پارێزێت، بۆیه‌ هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ته‌ئسیر له‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسان و خه‌ڵكى كوردستان ناكات و، حه‌شدى‌شه‌عبى بۆ خۆیان ده‌توتنن له‌ سنوورى خۆیان له ‌ده‌ره‌وه‌ى سنوورى كوردستان به‌كارى بهێنن، به‌ڵام له‌ناو كوردستان پێشمه‌رگه‌ و، ده‌زگا ئاسایشیه‌كان هه‌ن و ئه‌وانه‌ ده‌توانن بست به‌ بستى خاكى كوردستان بپارێزن."

پێوه‌ست به‌ نیگه‌رانى له‌ ڕێگه‌گرتن له‌ جێگیربوونى حه‌شدى شه‌عبى له‌ كه‌ركووكیش (كه‌مال كه‌ركووكى) گوتى: "ئه‌وان نیگه‌رانیش بن، هه‌ڵه‌ن؛ چونكه‌ پێویست به‌ نیگه‌رانبوون ناكات، له‌ناو كوردستان پێشمه‌رگه‌ به‌ دڵسۆزى و به‌ جیددى كار ده‌كات و خه‌ڵكه‌كه‌ى پاراستووه‌، باشتره‌ حه‌شدى‌شه‌عبى له‌ سنوورى خۆیان به‌كار بێنن و ئه‌و شوێنانه‌ى لاى خۆیان كه‌ ئێستا داعش ده‌ستى به‌سه‌ردا گرتووه‌ ئه‌و شوێنانه‌یان پێ پاك بكه‌نه‌وه‌، ئێمه‌ به ‌گونجاوى نابینین بۆ كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویستمان پێیان نییه‌؛ بێنه‌ ناو كوردستان و كوردستان تووشى كێشه‌ و ئاژاوه‌یه‌كى تر بكه‌ن له‌ داهاتوو."

دەربارەی ڕاى کۆی لایه‌نه‌كانى كه‌ركووكیش (كه‌ركووكى) گوتى: "ئێمه‌ له‌ دانیشتنێكى فه‌رمى كه‌ له‌ كه‌ركووك ئه‌نجاممان دا، هه‌موویان هه‌مان ڕه‌ئیان هه‌بوو، ئیتر نازانم له‌ دڵه‌وه‌ چۆنن، به‌ڵام به‌ فه‌رمى و ڕه‌سمى هه‌موویان هاوڕا بوون و حه‌شدى‌شه‌عبییان ڕه‌ت كرده‌وه‌."

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتیى دیموكراتى كوردستان، دواكاریشه‌ له‌ گشت لایه‌نه‌كانى كوردستان سیاسى و جه‌ماوه‌رى كه‌ هاوده‌نگ بن، چونكه‌ كوردستان پێشمه‌رگه‌ و داموده‌زگاى ئاسایشى و ئه‌منى و پۆلیس و دژه‌تیرۆرى و زێره‌ڤانى و به‌رگریی فریاكه‌وتن و كوڕان و كچانى قاره‌مان و باوه‌ڕ به‌ كوردستانى هه‌یه‌، ئه‌وانه‌ش ده‌توانن خاك و گه‌له‌كه‌یان بپارێزن بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موومان به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسه‌ یه‌كده‌نگ بین بۆ كوردستان؛ به ‌تایبه‌تى بۆ كه‌ركووك هیچ پێویستمان به‌ حه‌شدى‌شه‌عبى نییه‌ و، خۆمان ده‌توانین خاك و سنوورى كوردستان له‌ تیرۆریستان بپارێزین و به ‌ته‌واوه‌تى پاك بكه‌ینه‌وه‌ و سه‌قامگیرییه‌كه‌ى ڕابگرین."
Top