لێدوانی وەزارەت سەبارەت بە پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش

 لێدوانی وەزارەت سەبارەت بە پێشمەرگە دیلەكانی دەستی داعش
وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە هیچ مامەڵەیەكی فەرمییان لەگەڵ هیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی نییە و نابێت و هەموو هەوڵێكیشیان داوە بۆ چارەنووسی پێشمەرگە دیلەكان و تاوەكو ئێستاش نازانن چارەنووسیان چی بەسەر هاتووە.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ئێمە لە شەڕداین لەگەڵ گرووپێكی تیرۆریستی نێودەوڵەتی دڕەندەی وەحشی، ئەو بڕوای بە هیچ یاسایەكی نێونەتەوەیی نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ دیل، نەك لەگەڵ دیلەكانی هێزی پێشمەرگە بەڵكو لەگەڵ هەموو ئەو هاووڵاتییانەی كە لە ژێر دەسەڵاتیدا دەژین، یان لەگەڵ هەموو ئەوانەی كە لە رێكخراوە خێرخوازییەكان و مافەكانی مرۆڤ كار دەكەن، كە یارمەتی خەڵكی سڤیل دەدەن یان لەگەڵ رۆژنامەنووسەكان، كە هەموو رۆژێك دیمەنێكی زۆر وەحشیگەرانە بڵاودەكەنەوە".

سەبارەت بە بڵاوكردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی، كە لەلایەن داعشەوە لەسەر پێشمەرگە دیلەكان بڵاوكرایەوە، جەبار یاوەر گوتی، "ئەوان لە بڵاوكردنەوەی ئەو دیمەنانە ئامانجیان ترساندنی خەڵكە، بێگومان بڵاوكردنەوەی دیمەنی پێشمەرگە دیلەكان تەعبیرە لە رەفتاری دڕندانەی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییە".

جەبار یاوەر ئاماژەی بە هەوڵەكانی وەزارەتی پێشمەرگە كرد لەسەر ئەو پرسە و گوتی، "ئێمە وەك وەزارەتی پێشمەرگە هەموو هەوڵەكانی خۆمان خستووەتەگەڕ بۆ سۆراغی ونبووەكان وەك چۆن بەخەمبووین بۆ شەهیدە نەمر و بریندارە قارەمانەكانمان، بە هەمان شێواز بۆ ئەوانیش كە ونبوون هەوڵی بەردەواممان هەبووە، بەڵام ئەم رێكخراوە تووندڕەوە لە پانتاییەكی فراواندایە و ئەو دیلانەی كە دەستیان دەكەون لە هاووڵاتی سڤیل و رۆژنامەنووس و ئێزدی و مەسیحی، لە شوێنی وا حەشاریان دەدەن كە كەس ناتوانێت بگاتە ئەو شوێنانە".

هەروەها گوتیشی" ئێمە بەردەوام بووین لە هەوڵی خۆمان بۆ سۆراخكردنی ئەوانەی ونبوون، چونكە ئەوانە بەشێكن هەم لە هێزی پێشمەرگە و بەشێكن لە خەڵكی خۆڕاگری كوردستان، بەڵام وەك مامەڵەی فەرمی ئێمە هیچ جۆرە مامەڵەیەكی فەرمیمان نییە لەگەڵ رێكخراوێكی تیرۆریستی".

سەبارەت بە چارەنووسیان، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "تاوەكو ئێستا هیچ سۆراخێكمان دەست نەكەوتووە لە چارەنووسیان".

جەبار یاوەر ئاماژەی بە نیگەرانی جیهانی كرد سەبارەت بە كردەوەكانی داعش و گوتی، "هەموو لایەكمان نیگەرانین، هەموو جیهان نیگەرانە، هەموو كورد نیگەرانە، هەموو دانیشتووانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەرانن، هەموو وڵاتانی جیهان نیگەرانن ، یابانییەكان بۆ دیلەكانیان نیگەرانن كە بە دڕندانەترین شێوە سەریان بڕا، ئەمریكییەكان نیگەرانن بۆ ئەو رۆژنامەنووسانەیان كە سەریان بڕا، ئوردن نیگەرانە بۆ ئەو كارە دڕندانەیەی لەگەڵ فڕۆكەوانەكەی كرا كە بە زیندوویی سووتێندرا، كوردە ئێزدییەكانمان نیگەرانن لەو كارانەی بەرامبەریان كراوە و ژن و كەسوكاریان تاوەكو ئیستا سۆراخیان دیار نییە، هەموو عێراق نیگەرانە لەو كارە وەحشییانەی ئەوانە دەیكەن".

رۆژی هەینی 13ـی شوباتی 2015، لە گرتەیەكی پروپاگەندەیی ڤیدیۆییدا، كە لە لایەن داعشەوە بڵاوكرایەوە، ڤیدیۆی چەند كەسێك خرایەڕوو، كە دەڵێن پێشمەرگەن و لە نێو شارۆچكەی حەویجە لە نێو قەفەس نرابوون و بە نێو خەڵكدا دەیانگێڕان.









رووداو
Top