گرفتی قوتابخانە ئاوارە لێنیشتەجێبووەکان تا رادەیەکی زۆر چارەسەرکراوە
ئەم پرسە وەکو گرفتێکی گەورە هاتە بەر حکومەتی هەرێم کاتی لە ئەیلولی رابردوو کاتی کردنەوەی قوتابخانەکان هات وهێشتا 700 قوتابخانە لە کۆی گشتی 6743 قوتابخانە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەن، ئاوارەیان تێدا مابوو، کە زۆربەیان لە پارێزگای دهۆک بوون. لەم 700 قوتابخانانە، 646 لە دهۆک، زاخۆ، سێمێڵ، ئامێدی، شێخان، بەردەرەش وئاکرێ بوون، کە 21509خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ ببوو وژمارەیان 129023 کەس بوون. ئەمەش بەپێی ئاماری لیژنەی تایبەتی ئاوارەکان لە پارێزگای دهۆک، کە لە بەرواری 19 ئاب 2014 تۆمارکرابوو.
پاش چۆڵکردنی هەر646 قوتابخانە ونیشتەجێکردنی ئاوارەکان لە کەمپی تایبەت و گونجاو بۆیان، بە هاوکاری پارێزگای دهۆک ووەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوی تری نێودەوڵەتی، هەر 646 نۆژەن کرانەوە وقوتابیان دەستیانکرد بە خوێندن و دەوامی ئاسایی خۆیان.
سەبارەت بە پارێزگای هەولێر و سلێمانی، کێشەی قوتابخانەکان بە تەواوی چارەسەر کراوە و گشت قوتابخانەکان چۆڵ کراون، تەنها سێ قوتابخانە نەبێت لە شارۆچکەی عەنکاوە و یەک قوتابخانە لە کۆمەڵگای خەبات کە سەر بە پارێزگای هەولێرن، هێشتا ئاوارەی تیادا ماوە کە قوتابیەکانیان بەسەر قوتابخانەکانی تری ئەم دوو شوێنە دابەش کراون.
قوتابییە ئاوارەکان
ژمارەی قوتابییە ئاوارەکانی کە لە ناوچە جیاجیاکانی عیراق لە دەست رێکخراوی تێرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی، ناسراو بە داعش، هەڵاتوون و ئێستا لە پارێزگای دهۆکن دەگاتە نزیکەی 67 هەزار قوتابی. لە لێدوانێک بۆ ماڵپەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەرێوەبەری گشتی پەروەردەی دهۆک، عەبدا یوسف ئەحمەد، روونیکردەوە کە "لە کۆی 67 هەزار قوتابی ئاوارە، 31 هەزار قوتابی بێبەشن لە مافی خوێندن، 36 هەزار قوتابی ئاوارە لە قوتابخانەکانی سەر بە پارێزگای دهۆک وەرگیراون بۆ خوێندن، کە خۆیان ئەم قوتابیانە لە دەرەوەی سنوری کەمپ دەژین لەگەڵ خێزانەکانیان''.
هەروەها گوتی:، ''تا ئێستا لە کەمپەکان هیچ قوتابخانەیەک ئامادە نیە بۆ قوتابییە ئاوارەکان، بەڵام لە ماوەیەکی کەم ئامادە دەبێت بۆ پێشوازیکردن لە قوتابیان، قوتابخانەکان ئێستا لە قۆناغی کۆتایی دروستکردندان''.
بەرێوەبەری پەروەردەی دهۆک باسی لەسەر ئەوەش کرد، کە بۆ ئاسان کاری و بێبەش نەبوونی قوتابییە ئاوارەکان لە خوێندن، ئەم قوتابییە ئاوارانەی کە قوتابخانەکانیان لە سنووری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن زۆر بە ئاسایی لە قوتابخانەکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمن وەردەگیرێن، کە هەمان بەرنامەی خوێندنیان هەیە. بەڵام ئەو قوتابیە ئاوارە عەرەب و تورکمانانەی کە قوتابخانەکانیان لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانن، کە هەمان بەرنامەی خوێندنیان نیە لەگەڵ قوتابخانەکانی سەر بە پەروەردەی هەرێمی کوردستان، پارێزگای دهۆک بە هاوکاری لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگای موسڵ، هەوڵ دەدەن بۆ دابین کردنی شوێنی تایبەت بۆ ئەم قوتانیانە، تاوەکو لە خوێندن بێبەش نەبن.
لە پارێزگای هەولێریش 20 هەزارو 732 قوتابی ئاوارە هەیە، کە لە دەرەوەی کەمپ دەژین و قوتابخانەی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان 36 قوتابخانەیە بۆ قۆناغی سەرەتایی وناوەندی.
بە هەمان شێوە لە پارێزگای سلێمانی 15هەزارو 714 قوتابی ئاوارە هەن کە لە دەرەوەی کەمپ دەژین و قوتابخانەی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە کە 28 قوتابخانەیە بۆ قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی تا ئەم قوتابیانە بەردەوام بن لە خوێندن و لە خوێندن دانەبڕێن.
شایانی باسە لەم دوو ساڵەی دووای، پاش ئەم بارودۆخە نائارامییەی کە بەسەر سوریا داهات وبەرپابوونی هێرشەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعش لە سوریا و عیراق، ئاوارەیەکی زۆری پارێزگاکانی تری عیراق و پەنابەری سوری روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، ئەمەش کێشەیەکی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد، کە تا ئێستا هەوڵدەدا لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بۆ نیشتەجێکردنی ئەم ئاوارە و پەنابەرانە لە شوێنی گونجاو و تایبەت بۆیان، بە تایبەتی قوتابیەکان تا لە مافی خوێندن بێبەش نەبن.
