لە شنگال هێرشێکی داعش تێکشکێندرا
کاژێر 5:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/2/2015، چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی شنگال هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەو بۆ ماوی چەند كاژێرێك شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەردەوام بوو.
عەمید هاشم سیتەیی، فەرماندەی لیوای8ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی،" لە شنگال شەڕی کۆڵان بە کۆڵان بەردەوام بوو هەتا کاژێر 9:00ی شەو، هێزی پێشمەرگە بە پیادە و فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش لە ئاسمانەوە بۆردوومانی داعشیان دەکرد".
ئەو فەرماندەیەیی پێشمەرگە گوتیشی،" لە شەڕەکەدا دەیان چەكداری داعش كوژران و برینداربوون، بەڵام بەهۆی خراپی کەشوهەوا نەمانتوانی ئامارێکی دروستمان دەستبکەوێت" سەبارەت بە زیانەکانی پێشمەرگەش گوتی،" سێ بریندارمان هەن".
سەبارەت بە رەوشی ئێستای شنگال عەمید هاشم گوتی،" ئێستا رەوشەکە ئاسایی بووەتەوە و دەنگی تەقە لەهیچ لایێكەوە نابیسترێت".
