یەکشەممەی دادێ نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا و پێشنیاری نوێی پێیە
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (دڵشاد شەعبان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داھاتوو شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی (نێچیرڤان بارزانی) سەردانی بەغدا بکەن و پرسی نەوت و مووچە یەکلایی بکەنەوە، یان رێککەوتن یاخود ھەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە، چونکە بەغدا بیانوو دەدۆزێتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتیەکان لەپەرلەمانی کوردستان گوتیشی،بەغدا دەیەوێت ھەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژەوە رۆژانە ٥٥٠ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بکات و ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ھیچ کێشەیەکمان نییە، بەڵام لە کەرکووک کێشەی تەکنیکی ھەیە و کێشەی تەکنیکیش شتێکی ئاساییە و چارە دەکرێت.
راشیگەیاند، ھەرێمی کوردستان رۆژانە٢٥٠ھەزار بەرمیل نەوتی خۆی ھەناردە دەکات، بەڵام لە کەرکووک بۆڕییەکان پێویستیان بە سیانە ھەیە و داعش ھەمووی تێکداوە و ئەمە تەنھا لەکەرکووک نییە و لەھەموو عێراق ئەو کێشەیە ھەیە و جگە لەوەش نەوتی کەرکووک سەر بە بەغدایە نەک ھەرێمی کوردستان.
(دلشاد شەعبان) ڕوونیشی کردەوە،لەئێستادا ھەرێمی کوردستان و بەغدا سەرقاڵی چارەکردنی کێشە تەکنیکیەکانن کە ھەیە، بۆیە لەئێستادا٩٠%کێشەکان چارەکراون و نزیک بووەتەوە لە کۆتایی، بەڵام ھەندێک کەس لەبەغدا ھەن دەیانەوێت کێشە دروست بکەن و رێککەوتنەکە جێ بەجێ نەکرێت.
جێگری سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لەپەرلەمانی کوردستان گوتیشی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەمیانەی سەردانەکەی پێشنیازێکی نوێ دەخاتە بەردەم حکومەتی بەغدا کە سێ مانگ جارێک حیسابی ئەوە بکرێت کە رۆژانە رێژەی دیاریکراو چووە یاخود نە، نەک وەکو ئێستا کە باس لەوە دەکەن پێویستە رۆژانە حیساب بکرێت، چونکە ھەندێک رۆژ کێشەی تەکنیکی دەبێت، بۆیە رۆژ ھەیە زیادە و رۆژ ھەیە کەمدەکات، بۆیە ناکرێت رێککەوتنی سیاسی تێکەڵ بە کێشەیەکی تەکنیکی بکرێت.
