كورد هەرئێستا پێویستی بە چەكە.. پێویستە دابینكردنی چه‌ك بۆ كورد ببێتە كاری لە پێشینەی ئیدارەی ئۆباما

 كورد هەرئێستا پێویستی بە چەكە.. پێویستە دابینكردنی چه‌ك بۆ كورد ببێتە كاری لە پێشینەی ئیدارەی ئۆباما
لە بەرزترین شوێنی ئێرە، دیمەنی پانۆڕامای پێشمەرگەی كورد لە ناوچەی ستراتیژیی ڕۆژئاوای مووسڵ دەدرەوشێتەوە، كه‌ لە مانگی رابردوودا بە پشتیوانیی فڕۆكە جەنگییەكانی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركەوتنیان بەسەر دەوڵەتی ئیسلامیدا تۆمار كرد، ئەم شاڕێگەی بڕی، كه‌ مووسڵی به‌ سنووری سووریا ده‌به‌سته‌وه‌ و‌ نزیكەی 100 كیلۆمەتر چوارگۆشە ئازاد كراوە.

له‌ دووره‌وه‌ڕا ده‌توانی دووكه‌ڵی ئاگری ئه‌و رۆكێتانه‌ ببینی و گوێت له‌ ده‌نگی ته‌قینه‌وه‌كان بێت، كه‌ له‌ مۆڵگه‌كانی‌ داعشه‌وه‌ ده‌ته‌قێنرێن، خەلەف گەنجۆ فەرماندەی پێشمه‌رگه‌ی كورد لە ناوچەكە بە شەلەشەل دەرۆیشت بەهۆی برینداربوونی بە نارنجۆكێكی دوژمن لە شەڕی مانگی ڕابردوو، گوتی "داعش لە ئاڕاستەكردنی ئەو موشەكانە هیچ ئامانجێك ناپێكێ، تەنها ئامانجیان ئەوەیە پیشانی بدەن كە ئەوان لە ناوچەكەدا بوونیان هەیە".
لەم هەفتەیەدا و لە بەسەركردنەوەی فەرماندە كوردەكان ئەوەم بۆ دەركەوت، هێرشی ئەمەریكا لە بەرەنگاربوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام پێشوەچوونی هێواشی بەخۆیەوە بینیوە. بەم شوێنەدا تێپەڕین كە چەند هەفتەك لەمەوبەر بە دەست توندڕەوانی دەوڵەتی ئیسلامییەوە بوو، تێبینیی ئەوەمان كرد پێش ئەوەی تیرۆریستان پاشەكشە بكەن لە ناوچەكە ژمارەیه‌كی زۆر خانووى كوردیان بە داینەمێت ته‌قاندووەتەوە، تەنانەت بە سەر بەنداوی مووسڵدا تێپەڕین، ئەو بەنداوەی نرخێكی ستراتیژی هەبوو كە وەك یەكەم سەركەوتنی هێرشه‌كه‌ی ئابی رابردوو تۆمار كرا.
لە بارەگای سەرەكیی فەرماندەیی كورد مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، چۆنیەتیی جەنگەكەی ڕوون كردەوە، لە ژووری كۆنفڕانسی ئەودا لە یەكێك لە كابینەكەكان بە یەكەوە گفتوگۆمان كرد، بەڕێزیان جلوبەرگی پێشمەرگەی لەبەردابوو، كاتێك باسی لە هێرشه‌كانیان دەكرد ئاماژەی بەو نەخشانه‌ كرد كە بە دیوارەوە هەڵواسرابوو. مەسروور بارزانی گوتی، كورد توشی هەژاندن هات كاتێ توندڕەوەكان لە مانگی ئابی ڕابردوودا گوشاریان بۆ سەر هه‌ولێری پایتەخت هێنا، بەڵام كورد توانی خۆی ڕێك بخاتەوە. پێشمەرگە پێشڕەوی كرد، چونكە سەركردەكانیان توانییان په‌یوه‌ندی لەگەڵ پشتیوانیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمان بگرن. بەم چەشنە كورد توانی دەوڵەتی ئیسلامی لە هەولێر و مەخموور و ڕەبیعە و سنووری سووریا و زۆربەی ئەو ناوچانەی لە پارێزگای نەینەوا، كە بەم دواییە سەردانیم كرد دوور بخاتەوە.
بەڵام سەركەوتن تەنگژە بە دواخۆیدا دەهێنێ، كێ كۆتایی بە جەنگی گرتنەوەی مووسڵ بهێنێ؟ كورد نایەوێ ئەم كارە بكات، كورد زۆربەی ئەو ناوچانەی به‌ ده‌ست هێناوه‌ته‌وه‌، كه‌ لە دەستیان دابوو، دەشزانن چوونیان بۆ شارێكی سوننەی عەرەبی وەك مووسڵ كێشەی سیاسی لێ‌دەكەوێتەوە. سوپای عێراق و میلشیا عەشایرە سوننیەكان لەژێر مەشق و ڕاهێنانی سەربازیدان و، بۆ ئەو جەنگە گەورەیە ئامادە نین ، سەرۆك ئۆبامایش ناردنی هێزەی زەوینی سوپای وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا به‌ دوور ده‌زانێ.
كێ مووسڵ بگرێتەوە؟ بۆ ماوەیەك لەوانەیە كەس نەتوانێ. بارزانی شێوازی ئەم جۆرەی ڕوونكردەوە "ئەگەر ئێوە دەتانەوێ ئەم جەنگە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بێت، ئیتر بۆ بنیاتنانی سوپای عێراق كاتتان لەبەردەستە تا ئەو كاتەی دەتوانێ بەسەر داعشدا زاڵ بێت، بەڵام لەل ماوەیەدا ئێوە داعش جێ‌دەهێڵن خۆى ڕێك‌بخاتەوە و زیاتر خۆی چەكدار بكات و كوشتوبڕین بكات، داعش دەستەوەستان ناوەستێ لەم ماوەیەی ئێوە توانای سوپای عێراق بنیات دەنێنەوە."
بارزانی ئەوە ڕوون دەكاتەوە كە بۆچی دەوڵەتی ئیسلامی دوژمنێكی ترسناكە: "باشترین چەكیان ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراوە، تەنها لە مانگی ڕابردوودا لە یەك ڕۆژدا 14 ئۆتۆمۆبێلی لەم جۆرەیان بۆ هێڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی كورد نارد. شەڕكەری توندڕۆن، زۆرینەیان خەڵكی چیچان و كازاغستان ئۆزباگستانن، خۆتەقاندنەوەیان پێ باشترە لە خۆبەدەستەوەدان، خۆكوژەكانیان پێیان وایە لە بەهشت حۆری بە دەست دەهێنن."
بەڵام تیرۆریستان كێشەی ناوخۆیشیان هه‌یه‌، شەڕكەرانی بیانی ئەوانەی لە زمانی عەرەبیدا پێیان دەگوترێ "موهاجیروون" كه‌ لەم ئافرەت و پارەیەی دەستیان دەكەوێ پشكی شێریان بەردەكەوێ. هەرچیی شەڕكەرە ناوخۆییەكانن كە بە "ئەنساڕ" ناسراون، لەم بارودۆخە بێزارن. جیهادییەكان زۆر توڕەن بەرامبەر ئەو كەسەی خیانەتكارە، هەركەسێك بیەوێ مووسڵ جێ‌بهێڵێ دەبێ بارمتەیەك لەبری خۆی دابنێ، ئەگەر نەیشگەڕایەوە، ئەوا بارمتەكە لەجیاتی ئەو دەكوژن. چەكدارە هەڵاتووەكانی بەرەی جەنگی دەوڵەتی ئیسلامی پێیان گوترابوو، ئەگەر بگەنە بارەگاكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە تەلەعفەر، ئەوا گولـلەباران دەكرێن.
ئەمەریكا پشت بە كورد دەبەستێ لە پاراستنی خاكەكەیان لە دەست ئەو بكوژانە تاكو سوپای عێراق ڕادەهێنرێ، ئەم هەڵوێستە سەرنجی بارزانی ڕاكێشاوە بۆ ئەوەی پەنجە بخاتە سەر گرینگترین خاڵ: "كورد بەپەلە پێویستی بە چەكی ئەمەریكا هەیە بەتایبەتی ئۆتۆمۆبێلی نەفەرهەڵگر و هەمەڕی گولـلەنەبڕ بۆ پاراستنی پێشمەرگە، تانك و زریپۆش بۆ بەرپەرچدانەوەی پێشڕەویی دوژمن، دووربینی شەو بۆ ئاشكراكردنی هێرشی سەرزگخزین، دابینكردنی هەلیكۆپتەری هێرشبەری بچووك بۆ بەرگریكردن لە بەرەی جەنگ، كە 600 كیلۆمەتر درێژ بووەتەوە.
داواكەی بارزانی ماقوولە، له‌ جەنگدا ڕۆڵێكی گرینگ بە پێشمەرگە دەدات، تەڵەكە ئەوەیە چەك بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابین بكرێ بە جۆریك كە نەبێتە مایەی خراپبوونی دابەشبوونی تایفی لە عێراق، بارزانی دەڵێ، خۆشحاڵ دەبم لە ڕێگای حكوومەتی عێراقەوە چەكمان پێ‌بگات، ئەگەر ئەوان بە ڕاستی بۆمان بنێرن"، بە بۆچوونی من ئەوە ڕێگاچارەیەكی باشە، پێویستە ببێتە كاری لە پێشینەی ئیدارەی ئۆباما.

وه‌رگێڕانی مه‌سعوود مه‌حموود
The Washington Post
Top