سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی فەرەنسا كۆبوونەوە..فەرەنسا پاڵپشتی بۆ هەرێم و پێشمەرگە دووپات کردەوە
ڕۆژی دووشەممە 9/2/2015 لە شاری پاریس و لە وەزارەتی بەرگریی فەرەنسا جۆن ئێف لۆدریان وەزیری بەرگریی فەرەنسا پێشوازی لە (مەسعود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا كە لە كەشوهەوایەكی دۆستانە بە ڕێوە چوو بە تێروتەسەلی بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و هەروەها سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و ئازادبوونی ناوچەیەكی بەرفراوان لە دەست تیرۆریستانی داعش و، ئازادبوونی كۆبانێ لە لایەن هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان، خرایە بەر باس. هەروەها وەزیری بەرگریی فەرەنسا پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد و ئەوەی باسكرد كە ئەو ڕاپۆرتانەی هێزە فەرەنساییەكان لە هەرێمی كوردستان دەنێرن ئاماژە بەوە دەدەن كە مەشق و ڕاهێنانەكان زۆر سەركەوتوون و باس لە لێهاتوویی و ئازایەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن. هەروەها بەردەوامیی وڵاتەكەیشی لە پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگە دووپات كردەوە.
لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەكارییە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ لە دەست تیرۆریستان و، هەروەها بارودۆخی هەنووكەیی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سووریا تاوتوێ كرا.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەم كۆبوونەوەیەدا د. فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادە بوو.
