جەلەولا شوێنی میلیشیاكان نییە.. ئاگاداری ئیدارەی ناوچەكە كراوەتەوە
بەرپرسی ناوچەی جەلەولای پارتیی دیموكراتی كوردستان (كامەران محەممەد) لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، خەڵكێكی زۆری خۆیان ئامادە كردووە بگەڕێنەوە جەلەولا، بەڵام دۆخی ناوچەكە وا ناخوازێت ئەو ئاوارانە بگەڕێنەوە، چونكە هێشتا ڕەوشی ئەمنی باش نییە. گوتیشی، "ئەمڕۆ 8 تیرۆریستی داعش لە نزیك نەفتخانە و خوارووی خانەقین دەسگیر كران كە تالائێستا هەڵمەتێكی فراوان دەبینرێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەكە بۆیە ئاستەمە لەم دۆخەدا هاووڵاتیان بگەڕێنەوە ناو شارەكە".
لەبارەی گرووپی میلیشیا شیعەكانیشەوە، (كامەران محەممەد) ئەوەی خستە ڕوو، "گوشاری خەڵك و سەرجەم لایەنە سیاسییەكان وای كردووە كە جۆرێك لە پاشەكشە بە گرووپی میلیشیاكانەوە دەبینرێت لە ناوچەكەدا، بەڵام هێشتا دەبێت میلیشیاكان لەوە تێبگەن كە ئەو شوێنە، شوێنی ئەوان نییە، ئەوەش كە مایەی نیگەرانیی ئێمە و لایەنە سیاسییەكانی جەلەولایە، ئەوەیە كە ڕێگای سەرەكیی نێوان جەلەولا و خانەقین بۆ بەغدا لەلایەن میلیشیكانەوە كۆنترۆڵ كراوە، بۆیە ئاگاداری ئیدارەی جەلەولا كراوەتەوە لە بوونی مەترسیی ئەو میلیشیا شیعانەی كە بوونەتە هۆی ئازاردانی خەڵك لە ناوچەكەدا".
