پارتی، پێشنیارە تازەکانی گۆڕان و یەکێتی تاوتوێی دەکات

 پارتی، پێشنیارە تازەکانی گۆڕان و یەکێتی تاوتوێی دەکات
ئەندامێکی شاندی دانوستانکەری پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی گۆڕان و یەکێتی لەگەڵ ئێمە نەگەیشتین بە هیچ ڕێککەوتنێک، چونکە کۆمەڵێک پێشنیازی دیکەیان هەبوو؛ بڕیاریشە ئەو پێشنیارانە تاوتوێ بکەین و پاشان وەڵامیان بدەینەوە.

ئەندامی شاندی دانوستانکەری پارتیی دیموکراتی کوردستان (ئەکرەم ساڵح) ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان شاندی ھاوبەشی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و، بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ پارتیی دیموکراتی کوردستاندا نەگەیشتینە ئەنجامی کۆتایی، چونکە ئەوان کۆمەڵێک پێشنیازی دیکەیان پێشکەشی کرد پێمان و، ئێمەش لەسەر ئەو پێشنیازانە کۆ دەبینەوە و وەڵامیان دەدەینەوە و گفتوگۆ بەردەوام دەبێ".
(ئەکرەم ساڵح)گوتیشی، کۆمەڵێکی پێشنیاری تازەیان ھەبوو، کە ھەندێکیمان پێ باشە و، لە ھەندێکیشدا، پێمان وا بوو مافی زیاترمان ھەیە، بۆیە بڕیارمان داوە ئێمەش ئەو پێشنیارانە گەڵالە بکەین و وەڵامیان بدەینەوە".
ئەندامی شاندی دانوستانکەری پارتیی دیموکراتی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، جیاوازییەکی وامان نییە، بەڵام پێمان وایە پێویستە پارتی، بەشێکی زیاتری ھەبێت.
(ئەکرەم ساڵح) ڕایشیگەیاند: "خاڵی ناکۆکی نێوان ھەردوو لایەن، پارێزگای ھەڵەبجە بووە. ئەوەیشی خستەڕوو، ئێمە لەسەر داواکارییەکانی خۆمان بەردەوامین و، ئەوانیش پێشنیاری دیکەیان ھەیە".
Top