كۆنگرێسمان ئید رۆس پڕۆژە یاسایەكی گەڵاڵە كردووە و داوا دەكات ئەمریكا راستەوخۆ چەك بە پێشمەرگە بدات
هۆگ گۆڤرن هەروەها گوتی: هەلومەرج و هۆكاری شەڕكردن لەگەڵ داعشدا زۆر روونە، ئەوان دوژمنی خەڵكانێكی زۆر و ئایدیۆلۆجیایەكی زۆر و دژی ئایینگەلێكی زۆریشن. پێكدادانی داعش لەگەڵ هێزە كوردییەكان و پتەوكردنی ئەو هێزانەی كە تەحەددای داعش دەكەن- لە نێویاندا پێشمەرگە و ئەو هێزە كوردییانەی دیكە- زۆر گرنگە و رۆڵی پێشمەرگە و لایەنەكانی دیكە لە شەڕكردن لە دژی داعش نەك هەر بۆ ئاسایشی ئیقلیمی، بەڵكو بۆ ئاسایشی جیهانیش بێئەندازە گرنگە. بە دڵنیاییەوە ئەمە دۆخێكی ئاڵۆزە بە لەبەرچاوگرتنی بوونی هێزەكانی دیكە لە ناوچەكەدا كە كاریگەری و دەستڕۆیشتووییان لەو ناوچانەدا هەیە كە داعش خوازیارە باڵادەست بێت بەسەریاندا. لەلایەكی دیكەشەوە ئەمریكاش وەك وڵاتانی دیكە هەست بە پێویستی پەلەكردن لە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ هەڕەشەی روو لە زیادی داعش دەكات و دەبێت ئەمریكا زۆر بە وریاییەوە رۆڵی وڵاتانی دیكە لەبەرچاو بگرێت كە راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی داعش دەكەن و ئەوانەی تەحەددی داعش دەكەن.
شایانی باسە گۆڤرن هەروەها گوتی: لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە تا هەنووكە ئەو مەترسییەی ئێستا رووبەڕووی سیستمی جیهانی بۆتەوە، باڵاترین مەترسییە، كە كاراكتەرە نادەوڵەتییەكان و ناكۆكییە چەكدارییە ناوخۆییەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی بەرەنگاری ئەو چەمكانە بوونەتەوە – كە كەتوونەتە بەر تاقیكردنەوەی رۆژگارەوە- وەك «دەوڵەت»، «دەوڵەتداری» و «بێدەوڵەتی»، سیستمی كۆمەڵایەتی، بێ نیزامی و پشێوی. شارەزای یاسای نێودەوڵەتی ئینیس، ئێڵ كلاود نووسیویەتی: «(سیستمی جیهانی) بەندە لەسەر نەبوونی جەنگ، یاخود ترساندن بەهۆی هەڕەشەی پەنابردنەبەر ناچاركردنەوە. ئەگەر بە روونی گوزارشتی لێ بكەین، سیستمی جیهانی هەل و مەرجێكە كە ئەگەری گەورە هەیە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان تێیدا بە شێوەیەكی ئاشتییانە بەڕێوەدەبردرێن. واتە ئەو پێشنیاری رێسا دەكات، نەك پشێوی، شێوازی جێگیری رەفتاركردن نەك هەڵسوكەوتی پیشبینی نەكراو، بڕیارگەلێك كە رێككەوتنیان لەسەر كرابێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا كیڤن هۆگ گوتی: كورد رووبەڕووی هەڕەشەیەكی وجوودی راستەوخۆ و ساتەوەخت بوونەتەوە و بوێرانە شەڕیان كردووە بۆ بەرگرتن بە پێشڕەوییەكانی داعش بەرەو هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە. لە 14ی ئابی 2014دا، هاوشان بە گورزە ئاسمانییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان، هێزە كوردییە زەمینییەكان گەمارۆی داعشیان لەسەر چیای شەنگال شكاند، كە بواری بۆ ئاوارە ئێزیدییەكان كردەوە تاوەكو لە دەستی مەرگ رزگاریان بێت. ئەمریكا گۆڕینی تەركیزی خۆی راگەیاند بۆ چەكداركردنی كوردەكان و پێچەوانەكردنەوەی دەستكەوتەكانی داعش، كە بەو رووداوانە گەیشتن كە ئەمرۆ (26ی كانونی دووەمی 2015) لەلایەن كەناڵی ئەلجەزیرەوە بڵاوكرانەوە: بە گوێرەی چالاكوانە سوورییەكان و بەرپرسێكی كوردی سووری، هێزە كوردییەكان نزیك بوونەتەوە لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی تەواوی شاری كۆبانێ – كە شەڕێكی سەختی لەسەر كرا- دوای ئەوەی توانرا چەند شوێنێكی سەرەكی لە داعش وەربگیرێتەوە.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1013)
