سەرۆكی هەرێمی كوردستان: سنوورە نوێیەكان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە خوێن دادەڕێژرێنەوە

 سەرۆكی هەرێمی كوردستان: سنوورە نوێیەكان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە خوێن دادەڕێژرێنەوە
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سنوورە بەجێماوەكانی رێككەوتنی سایكس-بیكۆ سنووری دروستكراون و سنوورە نوێیەكان لە ناوچەكە بەخوێن لە نێوان وڵاتەكان دادەڕێژرێنەوە.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی رایگەیاندووە: "ئەگەر خواست هەبێ عێراق بەیەكپارچەیی بمێنێتەوە، ئەوا دەبێ شێوازێكی نوێی حوکمڕانی پەیڕەو بكات".

مەسعود بارزانی پێیوایە عەرەبی سوننەی عێراق دۆڕاوی یەكەمن لەم جەنگە، كە داعش دەستیپێكرد، چونكە ئەم جەنگە لە ناوچەكانیاندا روودەدات و دەبێتە هۆی خاپوركردنی شار و گوندەكانیان.

بارزانی هاوكات هانی سوننەکان دەدات بەپەلە بجوڵێنەوە بۆ دوورخستنەوەی "تیرۆریستان" و شەڕكردن لە دژیانداو دەڵێ، "سوننە دەبێ سەركردایەتییەكی سیاسی دیاری بكەن تاوەکو بەناویانەوە بدوێ".

بارزانی جەختیشی لەوەكردووەتەوە، کە هێزی پێشمەرگە "دڕكی داعشی شكاند" و رێكخراوە "تیرۆریستییەكەی" لە ناوچەیەكی فراوان بەدەرنا، بەڵام پێشمەرگە ئەگەر بەشداری شەڕی یەكلاكەرەوە بكات بۆ پشتشكاندنی رێكخراوەكە، ئەوا پێویستیی بە چەكی قورس دەبێ.

هاوکات سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردووە، كە داعش رێكخراوێكی زۆر ترسناكەو خاوەنی نزیكەی 50 هەزار چەكدارە لە عێراق و سووریا.

مەسعود بارزانی باسی لەوە کردووە، ک داعش پسپۆڕی لە هەموو وڵاتانی جیهانەوە هەیە، ئەفسەری خانەنشینكراوی یەكێتی سۆڤێتی جارانیشیان بەلای خۆیاندا راکێشاوە، لە ئۆزبەكستان، كازاخستان، تەتار و شیشان. "ئەوان كەسیان لە پاكستان هەیە و ژمارەیەكی زۆریان لە ئەفسەرانی سوپای پێشووی عێراقیش تێدایە، وێڕای ژمارەیەك ئەفسەری سوپای چەند وڵاتێكی عەرەبی".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەروەها باسی ئەوەش دەکات، کە داعش ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان هەیە، كە خۆكوژ لێیدەخورێت و خاوەنی بۆمبی چێندراو و چەكی نیشانشكێن و وردیی لە بەكارهێنانی تۆپخانەن، بەهۆی بوونی ئەفسەرانی پسپۆڕ لەگەڵیاندا.

بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە، كە داعش لە دوای داڕمانی شەش فیرقەی سەربازی سوپای عێراق دەستی بەسەر چەك و كەرەستەیەكی سەربازی زۆردا گرت، كە 1700 ئۆتۆمبێلی سەربازی جۆری هامڤی ئەمریكی تێدابوو، ئەمە جگە لە دەستكەوتەكانی لە سوپای سووریا.

مەسعود بارزانی ئاماژە بەوەشدەكات، كە "چەند ئەفسەرێكی پێشمەرگە بەباشیان زانی بە ئۆتۆمبێلەكانیان رێگە لە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكانی داعش بگرن و لە پێناو پاراستنی پێشمەرگەكانیان، شەهیدبوون".

هاوکات بارزانی پێیوایە، کە دوای گەیشتنی چەكی میلان لە ئەڵمانیاوە بۆ پێشمەرگە، دۆخی شەڕی داعش گۆڕا.
بەگوتەی بارزانی، هێرشە ئاسمانییەكانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان كاریگەرن، "بەبێ ئەو هێرشانە جەنگەكە درێژخایەنتر دەبوو و قوربانیشی زۆرتر دەبوو".

بارزانی هاوكات باسی هاوكارییەكانی ئێران دەكات و دەڵێ، ئێران لە سەرەتاوە بە "دوو فڕۆكەی پڕ لە تەقەمەنی هاوكاری كردین و ئێستاش ناوبەناو هاوكاریمان دەكات".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی هەوڵەكانی دەكات لە ئاگاداركردنەوەی نووری مالیكی،. سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە پیلانی "داعش" لە موسڵ و ناوچەكانی دیكە، "بە تەلەفۆن پەیوەندیم پێوەكرد، بەڵام مالیكی گوتی دۆخەكە لە ژێر كۆنترۆڵدایە". بارزانی دەشڵێ هەڵسوكەوتەكانی مالیكی ئاشكرایان كرد كە "قینە لە دڵە بەرامبەر بە كورد".

مەسعود بارزانی ئاشكراشی دەكات، كە سەرقاڵبوونی بە پێشهاتە خێراكان رێگربوو لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، "بەڵام ئومێدم وایە لە بەغدا یان لە هەولێر چاوم پێبكەوێت". بارزانی باسی ئەزموونی عەبادی دەکات و دەڵێ "دوا هەوڵە بۆ رزگاركردنی عێراق" و جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە عێراقی پێشوو شكستیهێناو ئێستا پێویستییەكی زۆر بۆ شێوازێكی نوێ هەیە ئەگەر قەدەر وابێ "عێراق بەیەك پارچەیی بمێنێتەوە".

بارزانی هەروەها چوونی هەر هێزێكی دیكە جگە لە پێشمەرگە بۆ كەركووك رەتدەكاتەوەو دەڵێ "پێشمەرگە پێویستی بە هیچ هێزێك نییە پاڵپشتی بكات"، جەختیش دەكاتەوە "كەركووك ناكەوێتە دەستی داعش".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشیوایە داعش پێشبینی كەوتنی موسڵی نەدەكرد، "بەڵام داڕمانی فیرقە سەربازییەكانی عێراق خێرابوو، ئەوەش هانی هێزە بەرهەڵستكارەكانی پرۆسەی سیاسی وەك بەعسی دا، هاوكاری داعش بكەن لە كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی فراوان.

بارزانی لە هەڤپەیڤینەکەدا رایگەیاندووە، کە "بە ئامانجكردنی دەستكەوتەكانی گەلی كورد، لە پێشەوەی ئەجێندای داعش بوو".

Top