باشیک..پێشمەرگە لە پیرحەلان و قۆپان داعشی لە جوڵە خستووە

 باشیک..پێشمەرگە لە پیرحەلان و قۆپان داعشی لە جوڵە خستووە
ئەمڕۆ بۆ ماوەی زیاتر لە 6 سەعات لە هەردوو گوندی قۆپان و پیرحەلان هێزەكانی پێشمەرگە و تیرۆریستانی داعش یەكدیان تۆپباران كردووە، بە گوێرەی زانیارییەكان ژمارەیەكی زۆر لە تیرۆریستانی داعش كوژراون و بریندار بوونە، تیرۆرستانیش بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرشی هێزەكانی پێشمەرگە بپارێزن خەندەق لێ دەدەن.

ڕائید ( كۆڤان موسا) لە فەرماندەی فەرماندەی هەڵگورد بە ماڵپەڕیی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، ئەمڕۆ لە سەعات 10 تا 4 ئێوارە لە گوندی قۆپان و پیرحەلان لە میحوەری باشیك هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش یەكدیان تۆپباران كردووە، ئێستایش هێزەكانی پێشمەرگە مۆڵگە و بارەگاكانی تیرۆریستان لەو ناوچانە بوردومان دەكەن، بە گوێرەی زانیارییەكان زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و كوژراو برینداریان هەیە، بەڵام دیار نییە ژمارەیان چەندە.
گوتیشی: لە میحوەری باشیك ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان، بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەك سەنگەرەكانیان گرتووە، لەبەرامبەردا تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە خەندەق لێ دەدەن بۆ ئەوەی بەرگری لە خۆیان بكەن، ئەگەرنا هیچ هێز و توانایەكیان لەناوچەكە نەماوە، چونکە پێشمەرگە بەتەواوەتی داعشی لە جوڵە خستووە و؛ ئیدی داعش توانای هێرش بردن و بەرگریان نەماوە، هەر كاتێك فەرمان بە ئێمە بكرێت، لە ماوەیەكی كەم ئەو ناوچانە لە تیرۆرستان پاك دەكەینەوە و ژیان بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێنینەوە.
Top