سلێمانی.. لیژنە هەمیشەییەکانی پارێزگا دابەش کران
ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (مینا سامی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی گوت: "ئەمڕۆ لەسەر دابەشکردنی لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕێک کەوتین و، ھەر لایەنێک بەپێی هەقی ھەڵبژاردنەکان لیژنەی پێ دراوە".
(مینا سامی) ئاماژەیشی کرد: "لە دابەشکردنەکەدا بزووتنەوەی گۆڕان شەش لیژنە و، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان پێنج لیژنە و، مەسیحییەکان لیژنەیەک و ھاوپەیمانی لیژنەیەک و لیستی خزمەت دوو لیژنە و، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لیژنەیەکی بۆ دانراوە."
(مینا سامی) گوتیشی، پارتیی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەر یەکە و، نیو لیژنەی دیکەیان بەر دەکەوێت، بەڵام جارێ یەکلایی نەبووەتەوە کە ئەو لیژنەیە بۆ کێ دەبێت.
ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ١٧ لیژنەی 'ھەمیشەیی'ـی ھەیە و بۆ ھەردوو کورسی لیژنەیەک دەستنیشان کراوە.
