ئوردن تۆڵه‌ی له داعش كرده‌وه
ئاژانسی هه‌واڵی په‌ترای ئوردنی بڵاویكرده‌وه، له‌گه‌ڵ نوێژی به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 4ی شوباتی 2015 وه‌ك وڵامێك بۆ سوتاندنی فڕۆكه‌وانه ئوردنیه‌كه له لایه‌ن داعشه‌وه، هه‌ریه‌كه له ساجده ریشاوی و زیاد كه‌ربولی له‌سێداره‌دران.
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی بۆئهوهشكردوه، ئه‌و دوو كه‌سه له‌ساڵی 2005 دا ده‌ستیان لهكردهوهیهكی تیرۆرستی هه‌بووه له عمانی پایته‌ختی ئوردن كه 60 هاوڵاتی تێدا كوژران.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئوردن له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، به له‌سێداره‌دانی ئه‌و دوو تاوانباره برین و ئازاری ئوردنیه‌كان كۆتایی نایه‌ت، به‌ڵكو وەڵامه‌كان هێنده توند ده‌بن بۆ داعش به‌قه‌د گه‌وره‌یی ئازاری گه‌لی ئوردن ده‌بێت.
دوێنێ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو كرایه‌وه، كه تیایدا كۆمه‌ڵێك چه‌كداری داعش ده‌رده‌كه‌ون و له قه‌فه‌زێكی ئاسنیندا مه‌عاز كساسبهی فڕۆكه‌وانی ئوردنییه‌كه ده‌سووتێنن، كه چه‌ند مانگێك پێش ئێستا به دیلی كه‌وته ده‌ستی داعش، له‌به‌رامبه‌ر ئازادكردنیدا داعش داوای ئازاد كردنی ساجیده رێشاوی و زیاد كه‌ربوولی ده‌كرد، كه تا ئه‌مڕۆ له گرتووخانه‌كانی ئوردن زیندانی كرابوون.
سوتاندنی فڕۆكه‌وانه ئوردنیه‌كه ناڕه‌زایی جیهانی به‌دوای خۆیدا هێناو سه‌رۆك و كه‌سایه‌تیه‌كان ئیدانه‌ی ئه‌و كاره نا مرۆڤانه‌یه‌ی داعشیان كرد.
