دزەیی: مووچەی فەرمانبەران بەهیچ شێوەیەك نافەوتێ

 دزەیی: مووچەی فەرمانبەران بەهیچ شێوەیەك نافەوتێ
گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە کاتی سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا تاوەكو ئێستا دیارینەكراوە، بەڵام پێویستە سەردانەكە دوای دوو مانگ لە رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجام بدرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، کە "مووچەی فەرمانبەران كە تاكە سەرچاوەی داهاتیانە، بەهیچ شێوەیەك نافەوتێ".

سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی: "رێككەوتنەكە لەچوارچێوەی بوودجەی 2015 دا بوو و هەرێمی كوردستانیش وەك ئیستیحقاقێكی خۆی بە بەشە بودجەی خۆی بگات، وێڕای ئەو رێككەوتنە چەند تەوەرێكی دیكە هەن".

سەفین دزەیی جەختی لەوە كردەوە: "كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەندە بەو رێككەوتنەی كە لە مانگی 12 ی ساڵی 2014 مۆركرا لەگەڵ بەغدا، كە هەناردەكردنی 200 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێكدا".

لەبارەی ئەو شاندەی، كە بڕیارە یاوەریی نێچیرڤان بارزانی بكات، دزەیی گوتی: " تاوەكو ئێستا ئەندامانی شاندی یاوەری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستنیشاننەكراون، بەڵام ئەوەی دیارە سەرۆكوەزیران خۆی دەچێت، بەڵام پێدەچێت وەزیرە پەیوەندیدارەكان یاوەریی بكەن".

لەبارەی سووتاندنی مەعاز كەساسیبە، فڕۆكەوانی ئوردنی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، سەفین دزەیی گوتی: "ئەم جۆرە كردەوانە رووی حەقیقی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە پیشاندەدات، كە دوورن لە هەموو بنەمایەكی ئایینی و ئینسانی و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان، جێگەی داخە كە بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ دیلەكان بكرێت".

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد كە: "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا بەتووندی سەركۆنەی ئەو كردەوە نامرۆییە دەكات و داواش دەكات هەموو لایەك هێز و توانای خۆیان چڕبكەنەوە بۆ بنبڕكردن و ریشەكێشكردنیان".

دزەیی ئاماژەی بۆ پرسی بودجە و تۆمەتی قەرزداربوون لەنێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و گوتی: "هەردوولا یەكدی تۆمەتبار دەكەن، كە قەرزداری یەكدین، هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دارایی ئامادەی پێداچوونەوەن بە حیسابی رابردوو و ئەو حیساباتانە ئاڵوگۆڕ بكرێن، بۆ ئەوەی دەربكەوێ كامەیان قەرزداری كێیە".

دزەیی جەختیشی لەوە كردەوە، كە وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق راپۆرتێكی دارایی خۆی داوەتە پەرلەمانی عێراق و تێیدا ئاماژەی بەوەكراوە، كە حكومەتی فیدراڵ 16 ترلیۆن دینار قەرزاری هەرێمی كوردستانە و لە راپۆرتی دارایی جێگیركراوە.

سەفین دزەیی دڵنیایی بەردەوامبوونی پێدانی مووچەی دایە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و گوتی: "مووچەی فەرمانبەران كە تاكە سەرچاوەی داهاتیانە، بەهیچ شێوەیەك نافەوتێ، لەگەڵ ئەوەش كە بەشێك لە كەناڵەكانی راگەیاندن و هەندێك كەسایەتی وایان بڵاوكردەوە، كە مووچەی مانگی 11 و 12 فەوتاوە، بەڵام ئەمە هیچ ئەسڵ و ئەساسێكی نییە و سەرۆكی حكومەت چەندینجار دووپاتی كردووەتەوە، كە مووچە نافەوتێ".












رووداو
Top