حكومه‌تی‌ هه‌رێم نرخی‌ نوێی‌ به‌نزینی‌ دیاریكرد

حكومه‌تی‌ هه‌رێم نرخی‌ نوێی‌ به‌نزینی‌ دیاریكرد
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌ت نرخی‌ یه‌ك لیتر به‌نزین بۆ ئۆتۆمبێلی‌ تایبه‌ت ده‌كات به‌ 750 دینار و بۆ تاكسی‌ و پاسیش وه‌ك خۆی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ و 500 دینار ده‌بێت.

كه‌ناڵی‌ KNN له‌ زاری‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ هه‌رێم بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "هه‌فته‌ی‌ ڕابردوو دوای‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ چوار سه‌عاتی‌، لیژنه‌ی‌ باڵای‌ نه‌وت و وزه‌ی‌ هه‌رێم، بڕیاری‌ داوه‌ نرخی‌ به‌نزین دابه‌زێنێت".

سه‌رچاوه‌كه‌ كه‌ ناوی‌ ئاشكرانه‌كراوه‌، ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌، نرخی‌ یه‌ك لیتر به‌نزین بۆ ئۆتۆمبێلی‌ تایبه‌ت له‌ 900 دیناره‌وه‌ كه‌مبكرێته‌وه‌ بۆ 750 دینار".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ "نرخی‌ به‌نزین بۆ ئۆتۆمبێلی‌ تاكسی‌ و پاس وه‌ك خۆی‌ ده‌مێنێته‌وه‌ كه‌ 500 دیناره‌ و به‌پێی‌ كارت، هه‌فتانه‌ 80 لیتر وه‌رده‌گرن".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "له‌كۆبونه‌وه‌ی‌ داهاتوی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نه‌وت و ووزه‌دا، نرخه‌ نوێیه‌كه‌ به‌ره‌سمیی‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت و كاری‌ پێده‌كرێت".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌نجومه‌نی‌ هه‌رێم پێیوایه‌، به‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ دابه‌زینی‌ نرخی‌ نه‌وت له‌بازاره‌كانی‌ جیهاندا، نرخی‌ نوێی‌ به‌نزین گونجاوه‌ بۆ شۆفێران و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌توانرێت داهاتێكی‌ پێویست بخرێته‌ سه‌ر داهاتی‌ وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان".
Top