بارزانی باسی شەهیدانی پێشمەرگە دەکات
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ رۆژنامەی حەیاتی لەندەنی رایگەیاند: "رووداوی شەهیدبوونی سێ براكە بیرناچێتەوە، چوومە ماڵی خێزانەكەیان لە سۆران و دایكیان خاتوو عایشە پێشوازی لێكردم، لەودەمەی هاوسەرەكانی سێ برا شەهیدەكەو نەوەكانی دەورەیان دابوو. دۆخەكە پڕ لە ئازار بوو و نازانم چۆن باسی بكەم. پێم گوت هەموومان بەوە سەربەرز دەبین تۆ دایكمان بیت و ئێمەش كوڕت بین، ئەوان شەهیدی میللەتن. هەموو ئەوانەشی شەهیدبوونە كوڕی تۆن".
بارزانی لەو هەڤپەیڤینەدا هەروەها گوتویەتی، "دایكی سێ شەهیدەكە گوتی: ئازار مەچێژە. ئەمە سەربەرزییەكی گەورەیە بۆ خێزانەكەمان. دوو كوڕی دیكەمان هەیەو ئامادەن گیانی خۆیان بۆ كوردستان ببەخشن". لێرە سەرنووسەری رۆژنامەكە، كە هەڤپەیڤینەكەی لەگەڵ بارزانی، ئەنجامداوە دەڵێ "بارزانی كە ئەم قسانەی بۆ دەكردم هەوڵی دەدا فرمێسكی خۆی رابگرێ".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە درێژەی ئاخاوتنەكەی ئاماژە بە هەڵوێستی پێشمەرگەیەك دەكات، كە لەو دەمەی لە سەنگەری شەڕدا بووە هەواڵی شەهیدبوونی برایەكی و برینداربوونی باوكی پێگەیشتووە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە برایەكی دیكەی كردووە، كە ئەویش لە سەنگەری شەڕدا بووەو پێی گوتووە "لەگەڵ تەرمی براكەماندا بڕۆ ئەگەریش باوكم مرد بینێژەو بگەڕێوەو دوانەكەوی، منیش بەرەی جەنگ بەجێناهێڵم".
مەسعود بارزانی هاوكات چیرۆكێكی دیكە دەگێڕێتەوە، كە لە 17ـی مانگی رابردوو روویداوەو دەڵێ، شەهید ئەحمەد مزووری ناسراو بە شێخ ئەحمۆ پاڵەوانی ئەم چیرۆكەیە. ئۆتۆمبیلێكی بۆمبرێژكراوی داعش نزیكبوویەوە، ئەو كات مزووری چووە پێشەوە بۆ رێگرتن لە ئۆتۆمبێلەكە، بەڵام كاتی ئەوە نەمابوو. فەرمانی كردە سەربازەكانی خۆیان بدەن بەعەرزاو بڵاوەی لێبكەن لەو دەمە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەكە خۆی بە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكەی ئەودا تەقاندەوەو شەهیدبوو و گیانی سەدان لە برادەرانی رزگار كرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوەشدەكات كە "کە هەموو دڵۆپە خوێنێك دەرژێ زیانێكی گەورەیە. بیهێنە بیری خۆت ئەو دەمەی كاتی بەیانی چاوت بە ئەفسەرێك دەكەوێت و بۆ ئێوارە هەواڵی شەهیدبوونیت پێدەگات. هەندێك جاریش كوڕی شەهیدە یان نەوەی شەهیدە".
بارزانی ئاشكراشی دەكات، كە پێشمەرگە تاوەکو ئێستا 800 شەهیدی داوە، كە 300ـیان ئەفسەری باڵان. دوو ئەفسەر بە پلەی لیواو 10ئەفسەری دیكەش بە پلەی عەمید شەهیدبوونە و جگە لە خاوەن پلەی جۆراوجۆری دیكە. "باجەكە زۆر گرانە، بەڵام دەبێ بدرێ، چونكە بەرگریكردنە لە بوونی گەلێك و كەرامەتی ئەو گەلە. بوونی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی مەترسییەكی زۆر ترسناك بووەتەوە، بەڵام من بە متمانەوە دەتوانم بڵێم دڕكی داعشمان شكاند و نزیكەی 17 هەزار كیلۆمتری دووجامان لە داگیركردن رزگاركرد".
مەسعود بارزانی هاوكات دەڵێ "زیانەكانی داعش زۆرتر لە سێ هەزار كوژراوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکردووە، کە بە بەغداو چەند لایەنێكی دیكەی گوتووە، "ئێمە ئامادەین جەنگی یەكلاكەرەوە لەگەڵ تیرۆریستەكان ئەنجام بدەین ئەگەر ئەو چەكە قورسەی پێویستمانە بۆمان دابین بكرێت، رێگە نادەین ئەوەی روویدا دووبارە ببێتەوە، دەمەوێ راشكاوانە بڵێم، لەو كەسانە خۆشنابین كە بێتاوانانیان سەربڕی و ژنانی ئێزدییان رفاند. لەوانەش خۆش نابین كە هاوبەشی ئەو دڕندانە بوون و هاوكاریان كردن. مەبەستم تۆڵەكردنەوە نییە بگرە مەبەستم دادپەروەرییە".
بارزانی هەروەها ستایشی قوربانییەكانی رۆڵەكانی كوردستان دەكات لە هەموو بوارێكدا. ئەوجا دەڵێ "شەڕەكە كاتێك دەستیپێكرد حكومەتەكەی مالیكی ناردنی مووچەی رۆڵەكانی هەرێمی راگرت. سەرەڕای ئەوەش، هاونیشتمانیان بەپەلە پاڵپشتی پێشمەرگەیان كرد، هەندێك جاریش خەڵكی دەوڵەمەند دەستپێشخەرییان كردو خۆراكی میحوەرێكیان بە تەواوی دابین كرد".
سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەشڵێ هاوئاهەنگیمان لەگەڵ سوپای عێراق باشتر بووە، بەڵام ئامادە نەبوو پێشبینی وادەی كۆتاییهاتنی جەنگ بكات.
رووداو
