ئەنجوومەنی رۆحانی کوردانی ئێزدی راگەیێندراوێک بڵاودەکاتەوە
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی رۆحانی ئێزدییاندا هاتووە، هەموو جۆرە کوشتنێک لەسەر بنەمای ئایینی و مرۆیی و ناسنامە رەتدەکەینەوە. ئەو راگەیێندراوە دوای ئەوە هات، کە میدیا عەرەبییەکان لەسەر زاری چەند سەرکردەیەکی سوننەی وەک ئوسامە نوجێفی، جێگری سەرۆکۆماری عێراق و عەبدولرەحمان ئەللویزی، پەرلەمانتار لە پەرلەمانی عێراق بڵاویانکردەوە، کە کوردانی ئێزدی لە چەند گوندێکی عەرەبنشین لە سنووری شارەدێی سنونێ خەڵکیان کوشتووە و گوندەکانیان وێرانکردوون.
راگەیێندراوەکە ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە و بە ناشیرینکردنی ئێزدی و ئایینەکەیان ناوی دەبات، سەرباری وێرانکردن و کۆمەڵکوژی چەکدارانی داعش بەرامبەر بەو ناوچانەی ئێزدی نشینن.
راگەیێندراوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی لەشاری دهۆک بە ئامادەبوونی چەندین سەرۆک هۆز و کەسایەتی دیاری کوردانی ئێزدی خوێندرایەوەو داوایان کرد، رایگشتی جیهانی گوێ لەو جۆرە پروپاگەندانە نەگرێت، کە دەیانەوێت دووبەرەکی لەنێوان پێکهاتەکاندا دروست بکەن.
