گۆڕانکاری لە رێنماییەکانی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیریدا دەکرێت

گۆڕانکاری لە رێنماییەکانی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیریدا دەکرێت
تا ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە ٤ ترلیۆن دیناری بۆ پێشینەکان خەرج کردووە، بەڵام ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، هەوڵ دەدەن گۆڕانکاری لە رێنماییەکانی پێدانی پێشینەکاندا بکەن بەمەبەستی سوودمەندبوونی کەسی شایستە لەو پێشینانەدا.

سەرۆكی لیژنەی داراییی پەرلەمانی كوردستان(د.عیزەت سابیر) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، "لە رێنماییەكانی پێدانی پێشینەی خانووبەرە و هاوسەرگیریی كەموكورتیی زۆر هەیە و، هەوڵ دەدەین گۆڕانكارییان تێدا بكرێت؛ هەروا لە بوودجەی 2015ـدا هەوڵ دەدەین ئەو كەموكورتیانە چاك بكرێن و؛ وەزارەتی داراییش رێنمایی دی دەربچوێنێت."
(د.عیزەت سابیر) گوتیشی، رێنماییەكان پێوستە بە شێوەیەك بن تەنها خەڵكی شایستە لە پێشینەكان سودمەند بن، بە تایەبت لە پێشینەی خانووبەرەدا كە لە بنەڕەتدا بۆ چارەی كێشەی نیشتەجێبوون بوونە، بەڵام وەک پێویست سوودی لێ وەرنەگیراوە.


بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستان دەستی خستوون، وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دروستكردنی سنودوقێكە بۆ پێشینەی هاوسەرگیری، خانووبەرە و پێشینەكانی دی، تا بتواندرێت لەڕیگەی ئەم سندووقەوە پێشینەکان بەردەوامییان هەبێت. پێوەست بەو سندووقەیش، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، پشتیوانی خۆی بۆ دروستكردنی سندووقی پێشینەكان راگەیاند و دەیشڵێت، لە یاسای بوودجەدا دروستكردنی ئەو سندووقە هەیە، كاتێكیش وەزارەتی دارایی ئەوە دەكات پشتیوانی لێ دەكەن و، یەكێكە لە باشترین كارەكان.


(د.عیزەت سابیر) گوتیشی، "بەنیازین کە بە جیددی وا بکەین ئەمساڵ ٥ ملیۆنەکەی هاوسەرگیری و ٢٠ ملیۆنەکەی پێشینەی خانووبەرە خەرج بکرێن، چونکە هاووڵاتیان پێویستیان بەو دوو پێشینەیە هەیە، لەگەڵ پێداچوونەوە بە رێنماییەکان بۆ ئەوەی خەڵکی شایستە سوودی لێ وەربگرن."


بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای دابەشكردنی پێشینەكانەوە تا 31/12/2013 حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێشینەی خانووبەرە 3 ترلیۆن و 390 ملیار و 465 ملیۆن دیناری خەرجكردوە، بە گشتییش 4 ترلیۆن و 171 ملیار دیناری بۆ پێشینەكان خەرج كراوە و؛ زیاتر لە 620 هەزار كەسیش لەو پێشینانە سودمەند بوون.
Top