بەشداریی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕدا هۆكاری سەرەكیی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەیە
شێخ مستەفا هەروەها گوتی: كاتێك دەڵێم ئەم قۆناخە بە خۆڕاگریی میللەتەكەمان تێدەپەڕێنین، دیارە پێش هەموو شت خۆڕاگریی میللەتەكەمان لە یەكڕیزیمانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەمەش واتە یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان، ئەو كێشە و هەڕەشانەی ئەمرۆ رووبەڕووی نەتەوەكەمان دەبێتەوە، تەنها هەڕەشە نین بۆ سەر بەشێك، یان لایەنێكی سیاسی، بەڵكو ئەمە هەڕەشەیە بۆ هەموومان و تاك بە تاكی هەموو خەڵكی كوردستان، بۆ رەواندنەوەی ئەم هەڕەشەیەش پێویستمان بە یەكڕیزی هەیە و تەنها بە یەكگرتوویی دەتوانین بەرپەرچی دوژمنانی ئەم خاكە بدەینەوە، مێژووی رابردووشمان ئەوەی بۆ سەلماندووین هەركاتێك یەكڕیز و یەكدەنگ بووبین بەرامبەر هەڕەشەكان، توانیومانە هەڕەشەكان بڕەوێنینەوە و تێیانبپەڕێنین، هەر كاتێك یەكڕیز بووبین دەسكەوتی زۆر باشمان بەدەستهێناوە، هەر كاتێكیش پەرتەوازە بووبین، ئەوا نەمانتوانیوە ئەو مەترسییانە لە خۆمان دوور بخەینەوە.
شایانی باسە مستەفا گوتی: سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی كوردستانیشە، لە مێژووی خۆیدا هەر پێشمەرگە بووە و هەمیشە لەگەڵ پێشمەرگە لەناو سەنگەردا بووە، بۆیە گومانی تێدا نییە كاتێك پێشمەرگە دەبینێت سەرۆك و فەرماندەكەی شان بە شانی ئەو لە بەرەكانی شەڕدایە و لە سەنگەر لەگەڵیدایە و لە خۆشی و ناخوشیدا ئاگای لێیەتی، ئەوا تین و تەوژمێكی زیاتر و بە گوڕ و ورەیەكی زیاترەوە ئەو پێشمەرگەیە شەڕدەكات، بۆیە من پێموایە بوونی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند مانگی رابردوو لە بەرەكانی شەڕ و لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا، هۆكارێكی سەرەكی و گرنگی ئەو سەركەوتنایە كە پێشمەرگە بەدەستی هێناون و بەشی شێری ئەو سەركەوتنانە بۆ بوونی بەڕێزیان لە بەرەكانی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە. ئەگەر خودی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی شەڕەكە نەبوایە، ئەو سەركەوتنانە بەدەست نەدەهاتن، سەردانەكانی سەرۆك بۆ هەموو بەرەكانی شەڕ تا جەلەولا و خانەقین و كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو فەرماندەكانی بەرەكانی شەڕ، وایكردووە كە دوای كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، فەرماندەكان بە گوڕوتین و ورەیەكی زیاترەوە بچنەوە سەنگەرەكانی پێشمەرگە، ئەم حاڵەتە بۆ پێشمەرگە زۆر گرنگە، چونكە پێشمەرگە فێرنەبووە پێی بڵێیت بڕۆ بۆ شەڕ، بەڵكو دەبێت پێی بڵێت وادەڕۆم تۆش لەگەڵم وەرە، بۆیە بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ ئەوەی گەیاند، كە هەمیشە بە پێشمەرگە دەڵێت وادەڕۆم تۆش دوام بكەوە، بۆیە بەڕاستی بوونی سەرۆك بارزانی لە بەرەكانی شەڕ زۆر گرنگ بووە، هۆكارێكی گرنگیش بووە بۆ ئەو سەركەوتنانەی پێشمەرگە بەدەستی هێناون.
لە كۆتایی قسەكانیدا جەعفەر شێخ گوتی: هەر نەتەوەیەك خاوەنی كیان و قەوارەیەكی سیاسی بێت، گرنگە هێزەكەشی لە چوارچێوەی یاسا و نیزام رێكخرابێت و هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆی نەبێت، لەم چوارچێوەیەدا دەبێت هێزی چەكدار ملكەچی یاسا بێت، ئەوجا ئەو هێزە هێزی سەربازی وەك هێزی پێشمەرگە، یان هێزی ئاسایش و پۆلیس بێت، یان هێزی دیكەی دژەتیرۆر، بۆیە گرنگە ئەم هێزانە هەریەكەیان بەپێی تایبەتمەندی خۆیان لە چوارچێوەی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایش رێكبخرێن، بۆ ئێستای كوردستان فرە هێزی زیانمان پێدەگەیەنێت، راستە پێشمەرگەی شاخ پێشمەرگەی حزب بووە و ئەم دەستكەوتەی ئەمڕۆمان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگەیە، بەڵام ئەمڕۆ حكومەتمان هەیە و هەرێمی كوردستان هەیە، پێویستمان بەوەیە یەك هێزی پێشمەرگەمان هەبێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1012)
