سەرۆكی كوردستان وەك بارزانی نەمر بەشداری و سەرپەرشتی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكات

سەرۆكی كوردستان وەك بارزانی نەمر بەشداری و سەرپەرشتی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش دەكات
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان حەمید ئەفەندی بەرپرسی میحوەری باشیك بۆ گوتى: پێشمەرگایەتی لە هەموو پۆست و ناوێك گەورەترە، جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی ناوی پێشمەرگەی لە سەرۆك لا گەورەترە و سەنگەری پێشمەرگەشی لە كۆشكی سەرۆكایەتی پێخۆشترە، بۆیە لای ئێمەش پێشمەرگایەتی لە هەموو شت گەورەترە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە كاتێك بڕیار دەدەیت ببیتە پێشمەرگە، كەس فەرمانت پێ ناكات، یان كەس داوات لێ ناكات، بەڵكو خۆت بڕیار دەدەیت، ئەمجارە منیش بێ ئەوەی كەس فەرمانم پێبكات و كەس پێم بڵێ، كە بینیم تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و هەستمكرد شڵەژانێك لەناو خەڵك دروست بووە و دووبارە پێویستە دروشمی كوردستان یان نەمان بەرز بكەینەوە و بەهەمان گیان و ورەی ساڵی 1961 چەك بكەینە شان و رووبكەینە بەرەكانی شەڕ، بۆیە هەر ئەو كات كۆمەڵێك پێشمەرگەم كۆكردەوە كە ژمارەیان 40-50 پێشمەرگە بوو، روومانكردە میحوەری خازر و كە گەیشتمە ئەوێ د.رۆژ نوری شاوەیس پێش من لەوێ بوو.


حەمید ئەفەندى هەروەها گوتی: كەوتنی موسڵ و هەڵاتنی سوپای عێراق، تیرۆریستانی داعشی لە گرووپێكی تیرۆریستیەوە گۆڕی بۆ دەوڵەتێكی تیرۆریستی بەهێز و پڕچەك، لەیەكەم رۆژی گرتنی موسڵیشەوە، تیرۆریستان ناو بەناو هێرشیان دەكردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە شوێنە جیاوازەكان، بەڵام هێرشی تەواویان لە مانگی ئاب دەستپێكرد، واتە دوای پەنجا رۆژ لە گرتنی موسڵ، لەو ماوەیەدا، نە حكومەتی بەغدا نە هاوپەیمانان هاوكاری هێزی پێشمەرگەیان نەكرد، پێشتریش هێزی پێشمەرگە لەلایەن بەغداوە گەمارۆی چەك و كەلوپەل و مووچە و بودجەی خرابووە سەر، لەلایەكی دیكەش هێزی پێشمەرگە بریتیبوون لە هێزێكی گەنج و خوێنگەرم، بەڵام كەم ئەزموون لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا، بۆیە ئەمە وایكرد لەگەڵ هێرشی تیرۆریستانی داعش هەندێك پاشەكشە بكەن، بەتایبەتیش كە تیرۆریستانی داعش بە هامەر و تانك و زرێپۆش هێرشیان كردبوو، پێشمەرگەش نە چەكی باشی پێبوو، نە شارەزای شەڕەكە بوو، بۆیە ئەمە وایكرد پێشمەرگە نەتوانێت وەك پێویست بەرگری بكات، بەڵام پاش ئەوەی سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری شەڕی سەرتاسەری راگەیاند، بەشی هەرە زۆری پێشمەرگە كۆنەكان گەڕانەوە و توانرا ئەزموونی پێشمەرگە دێرینەكانی شاخ تێكەڵاوی ئازایەتی و جوامێری پێشمەرگە لاوەكان بكرێت و وەرچەرخان لەبەرەكانی شەڕدا دروست بێت.


شایانی باسە ئەفەندى هەروەها گوتى: دوای ئەوەی لە سەر فەرمانی سەرۆك بارزانی بەرپرسیاریەتی ئەم میحوەرەمان پێ سپێردرا، بەرەی شەڕەكە لەمدیوی چیای زەرتك بوو، تیرۆریستانی داعش گوندەكانی بناری چیای زەرتكیان بە دەستەوە بوو، بۆیە پاش ئەوەی سەنگەرەكانی خۆمان بەهێز كرد و دوای راوێژكردن لەگەڵ سەرۆك بارزانی و دروستكردنی هەماهەنگی لەگەڵ میحوەری خازر، ئێمە پلانماندانا بۆ گرتنەوەی گوندەكانی بناری چیای زەرتك، پلانەكەشمان بەوجۆرە بوو، پێشمەرگە بكەینە سێ وەجبە، لەبەر ئەوەی ئەگەر وەجبەی یەكەم پێویستی بوو وەجبەی دووەم و سێهەمیش بگاتە فریایان، هەر واش بوو كە وەجبەی یەكەم دەستی بەهێرشكردن كرد، هەستمانكرد پێویستە وەجبەكانی تریش بچن، بۆیە چووین و لەو گوندانە وەدەرمان نان و لاشەی نزیكەی 50 چەكداری داعش كەوتە بەردەستمان، لەو لاشەوە هێزێك لە خازرەوە هاتن، بەڵام پێش ئەوەی هێزەكەی خازر لەگەڵ ئێمە یەكبگرێتەوە، ئێمە چووینە سەر چیا و چیای زەرتكمان ئازاد كرد.

لە كۆتایی قسەكانیدا حەمید ئەفەندى گوتی: رووبەری ئەم میحوەرە نزیكەی 40 كیلۆمەتر دەبێت، لەم میحوەرە پێشمەرگە پێشڕەوی زۆری كردووە و زۆر ناوچەی ئازادكردووە، ئەم ناوچەیە، ناوچەیەكی شاخاوییە، هەموو بەرزاییە ستراتیژییەكانیش لەبەر دەستی پێشمەرگەیە و پێشمەرگە لە رووی سەربازییەوە باڵادەستە بەسەر كۆمەڵێك ناوچەی دیكەشدا كە كوردستانین و هێشتا پێشمەرگە ئازادی نەكردوون، بەڵام بۆ ئەوەی پێشمەرگە بجووڵێت و بچێت ئەو ناوچانەش ئازاد بكات، ئەوە چاوەڕێی فەرمانی سەرۆك بارزانی دەكەین و هەر كاتێك فەرمان بكات، ئێمە بە ئاسانی دەتوانین هەموو ناوچە كوردستانییەكانی ئەم دەڤەرە ئازاد بكەین و لە سنووری كوردستان پێشمەرگە سەنگەری پاراستنی سنوور دادەمەزرێنێت.



بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1012)
Top