گرنگ ئەوەیە هەموو پێكەوە هەوڵبدەین ئەو دۆخە باشەی بۆ هەرێمی كوردستان دروستبووە نەهێڵین بۆ دواوە بگەڕێتەوە
نازم عەبدوڵڵا هەروەها گوتی: پێویستمان بەوەیە لەسەر ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتەی ئێستا هەیە كاری زیاتر بكەین، لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە ئێمە هەوڵبدەین ئەو دۆخەی هەرێمی كوردستان بۆی دروستبووە نەهێڵین بۆ دواوە بگەڕێتەوە، داعش پیلانێكی گەورە بوو، بەڵام تا ئاستێكی باش بە یەكڕیزی هێزی پێشمەرگە و سەركردایەتی سیاسی كورد توانرا لە هێڵی سووری مەترسیەكە دوور بكەوینەوە، دواتر پێگە نێودەوڵەتییەكەش وایكرد تا ئێستا ئەم قۆناغە بە دیوێكی ئیجابی بۆ كورد و میللەتی كورد بشكێتەوە، ئێمە وەك میللەتی كورد شەڕخواز نەبووین و پێویستیمان بە شەڕیش نەبووە .
شایانی باسە عەبدوڵڵا گوتی: گرنگە ئەو لایەنە سیاسییانەی كە ئەمڕۆ لە ساحەی هەرێمی كوردستاندان، هەر یەكەیان بە رێژەی قەبارەی خۆی لە خیتابێكی سیاسیی هاوبەشدا كۆببنەوە، واتە بۆ بڕیارە سیاسییەكانی سەر ساحەی هەرێمی كوردستان هەمووان شەریك بن، لە بڕیارەكان ئاگادار بكرێنەوە، ئەمانیش بكرێنە خاوەنی ئەو بڕیارانە و بێئاگا نەبن، لەسەر خاڵە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان هەڵوەستەی جددی لەسەر بكرێت. ئەمە بكرێتە خاڵی هاوبەش دەبێتە هۆی پاراستنی چارەنووسیشمان.
لە كۆتایی قسەكانیدا نازم عەبدوڵڵا گوتی: ئامانج لەو سەردانە بۆ لای سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە بەرەكانی جەنگ ئەوەیە كە ئێمە هەموومان وەك ئەم میللەتە لەسەر خاك و ئاو و پێگەی ئەم وڵاتە دەژین، ئەگەر هەر سەركەوتنێك تۆمار بكرێت، لە بەرژەوەندیی هەموومانە و هەر مەترسییەكیش روو لەم خاكە بكات هەموومان تێیدا زەرەرمەند دەبین، نەك تەنیا حزبێك، یان لایەنێك، یان كەسایەتییەك، پارێزگاریكردن لە هەرێم و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەركێكی ئایینی و میللی خۆمانی دەزانین، هەر مەترسییەك لە ژێر هەر ناو و نازناوێكەوە بێت مادامەكێ مەترسییە لەسەر ئەم خاك و نیشتمانە ئێمەش بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین لە روویدا بوەستینەوەو دژی بین، سەردانەكەمان بۆ لای سەرۆكی هەرێمیش بۆ پاڵپشتی لێكردنی و بەرزكردنەوەی مەعنەوییاتی پێشمەرگە بووە، بەوەی كە هەموو لایەنەكان پاڵپشتیانن.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1012)
