ئەم یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییەی لایەنەكانی كوردستان خاڵی سەرەكیی سەركەوتن و جێگەی ئومێدی خەڵكە

ئەم یەكدەنگی و یەكهەڵوێستییەی لایەنەكانی كوردستان خاڵی سەرەكیی سەركەوتن و جێگەی ئومێدی خەڵكە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان دڵشاد شەهاب ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوتى: زامنی سەرەكی سەركەوتنەكان و پاراستنی كوردستان و دەربازبوون لەم قۆناخە هەستیارەی چەندین مانگە بەهۆی تیرۆریستانی داعشەوە رووبەڕووی كوردستان بۆتەوە، لە پاراستنی ئەو تەبایی و یەكڕیزییەوە دەست پێدەكات كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەستی پێدەكرێت، ئەم هاودەنگی و یەكڕیزییە بۆ كۆمەڵگەیەكی دیموكراتی وەك هەرێمی كوردستان كە تیلیدا دیاردەی فرەحزبی و بیروبۆچوونی جیاواز بوونی هەیە، خاڵی سەرەكیی سەركەوتن و جێگەی ئومێدی هەموو خەڵكی كوردستانیشە، هەروەها ئەم یەكڕیزی و یەك هەڵوێستییە جێگەی تێڕوانین و سەرنجی دۆستانی ئێمەیە و بەشێوەیەك لە شێوەكان مەرجێكی سەرەكیشە بۆ بەردەوامی ئەو پشتگیرییە ئێستا لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.


دڵشاد شەهاب هەروەها گوتی: زۆر گرنگە لەسەر ئاستی میللی هەموو تاكێكی كوردستان هەست بەوە بكات كە وڵاتەكەی لە شەڕدایە، راستە بە گیانفیدایی پێشمەرگە و بەشداری و سەرپەرشتی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی توانرا بەرگری لە كوردستان بكرێت و باری سەقامگیری شارەكان رابگیرێت، بەڵام گرنگە هەموو لایەك هەست بە بەرپرسیاریەتی ئەم قۆناخە بكەین كە ئێستا لە شەڕداین و شەڕێكی ئەوتۆشە كە هەموو جیهان لەم شەڕە دەترسێت و مەترسییە بۆ سەر هەموو لایەك، بەڵام هەتا ئێستا ئەوە سەلمێندراوە كە تەنها هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانیویەتی رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش ببێتەوە و تێكیان بشكێنێت، ئەم سەركەوتنانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش، پێویستی بە بەشداری هەموو لایەك هەیە و هۆشیارییەكی هەمەلایەنەی دەوێت، هاوكاری و هەماهەنگیی هەمەلایەنەی پێویستە، هەندێك حاڵەت بەهۆی ئەم شەڕەوە دروست بووە و پێویستی بە خۆڕاگری و هێمنی هەیە، راستە خەڵكی كوردستان پێویستی بە مووچە و خزمەتگوزاری هەیە، بەڵام ئێمە لە حاڵەتی شەڕداین، ئەگەر هەندێك كەموكوڕیش هەبێت، دەبێت ئەم حاڵەتە لەبەر چاوبگیرێت كە وڵات شەڕی بەسەردا سەپاوە و لە هەموو روویەكەوە قوربانی دەوێت.

لە درێژەی قسەكانیدا دڵشاد شەهاب گوتی: ئەم شەڕە شەڕێك نیە لەگەڵ دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان، یان لایەنێكی سیاسی، بەڵكو ئەمە شەڕە لەگەڵ تێكڕای هاووڵاتیانی كوردستان بە بێ جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە، بە بێ جیاوازی بیروبۆچوون و تەمەن و لایەندار و بێلایەنەوە، ئەمە شەڕە دژی بیروبۆچوونی عیلمانی و ئیسلامی، ئەوانەی لە دەسەڵاتن و ئەوانەشی بە جۆرێك لە جۆرەكان خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەزانن، بۆیە ئەگەر تیرۆریستانی داعش بۆیان بچێتە سەر و خوانەخواستە پێشڕەوی بكەن، ئەوا لە كوردستان كۆمەڵكوژی دەكەن، سەرنج بدەن لەو شوێنانەی نزیكن بەشێوەیەكی هەرەمەكی بە تۆپ و هاوەن هەموو ناوچەكە بۆمباران دەكەن، ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراو دەنێرن و دەیتەقێننەوە، بێ ئەوەی حیساب بۆ ئەوە بكەن ئەوە كوردە، یان توركمانە، یانكریستیانە، یان موسڵمانە، یان ئیزیدییه.

لە كۆتاییدا شەهاب گوتی: ئەوەی جێگەی گەشبینی و خۆشحاڵییە هەنگاوەكان بۆ بەڕێوەبردن و تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە هەتا ئێستا بەرپرسیارانە بووە هەموو لایەنەكان وەڵامدانەوەی ئەرێنییان بۆی هەبووە، جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لە سەرەتای ئەم شەڕەوە دووربینانە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسە كردووە و لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆبۆتەوە بۆ ئەوەی هەڵوێستێكی هەمەلایەنە لەسەر ئەم شەڕە دروست بكات، لەسەرەتادا و پێش هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر كوردستان، هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و هەموو لایەنە سیاسییەكان بەوشێوەیە بوو خۆمان لەم شەڕە تێوەنەگلێنین، ئەگەر تەعدامان لێنكەن، ئێمە تەنها لە حاڵەتی بەرگریكردن دەبین، راستە سنوورێكی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتریمان لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستی داعش بۆ دروست ببوو، بەڵام هەموو لایەك ئەوەیان بە بەرژەوەندی كوردستان دەزانی ئێمە لە حاڵەتی بەرگری بین، بەڵام لەپڕ ئەم شەڕە نەخوازراوە یەخەی گرتین و هێرشمان كرایە سەر و تەعەدامان لێكرا.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1012)
Top