لە یادی یەكی شوباتدا بە یادداشتێك داوا لە هێزەكانی هاوپەیمانان كرا پشتگیریی تەواوی هێزی پێشمەرگە بكەن
دەقی یادداشتنامەكە:
یازدە ساڵ لەمەوبەر و لە یەكی شوباتی ساڵی 2004-دا، ئەو دەمەی موسڵمانانی جیهان و گەلی كوردستان بە بۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە گەردنئازادییان لە یەكتری دەكرد، تیرۆریستان و دوژمنانی گەلەكەمان لە دوو تەقینەوەی خۆكوژیدا، كە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لقی دووی پارتیی دیموكراتی كوردستانی لە شاری هەولێر كردە ئامانج، 101 كەس لە سەركردە و پێشمەرگە و هاووڵاتیانی كوردستانی كردە قوربانی و دەیانی تری بریندار و كەمئەندام كرد.
تیرۆریستانی قاعیدە و پێشتریش هاوشێوەكانی لە نموونەی جوندلئیسلام و ئەنسارولئیسلام، لە هێرشەكەیاندا هیچ جیاوازییەكیان لە نێوان قوربانییەكانیدا نەكرد و گەلی كوردستان و ڕەمزەكانیانی خستە بەر پەلامار هەر وەكو چۆن ڕژێمی بەعسی لەناوچوویش لە دژایەتیكردن و هەوڵی توانەوەی گەلەكەماندا جیاوازی لە نێوان پێكهاتە و ئایینەكانی گەلەكەماندا نەكرد .
لەبەر ئەوەی تیرۆریستان چاویان بە ئەزموونی ئاوەدانی و سەربەخۆیی و ئاشتەوایی لە كوردستاندا هەڵنایەت، بۆیە پاش دە ساڵ لەو پەلامارە تیرۆریستییە، وا جارێكی تر دوژمنان لە بەرگێكی تردا و بە ناوی رێكخراوی تیرۆریستی "دەوڵەتی ئیسلامی/ داعش"، هێرشێكی دڕندانەتریان هێنایە سەر هەرێمەكەمان و بە درێژایی زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر كەوتنە هێزكۆكردنەوە و پەلاماردان و قەتڵوعامكردنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان كە تێیدا هەموو خەڵك و خاكی كوردستانی كردە ئامانج .
ئێمە وەكو وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەروەها كەسوكاری شەهیدانی یەكی شوبات و لقی دووی پارتیی دیموكراتی كوردستان و مەڵبەندی سێی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە كاتێكدا یادی شەهیدە سەربەرزەكانی یەكی شوبات و سەرجەم شەهیدانی دەستی تیرۆر بەرز ڕادەگرین، داواكارین لە هێزە هاوپەیمانەكانمان لە جەنگی دژ بە تیرۆر و دامودەستگا نێودەوڵەتییەكان:
1. پشتگیریی تەواوی هێزی پێشمەرگە بكەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی ریكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی/ داعش".
2. بایەخدان بە ڕۆڵی هەرێمی كوردستان و بەهەندوەرگرتنی قوربانییەكانی گەلەكەمان لە كۆڕ و كۆبونەوە نێودەوڵەتییەكان و دیاریكردنی مافی چارەنووسی خۆی.
هەر لە سۆنگەی ئەو بارودۆخەی ئێستا هەرێمەكەمانی پێدا تێپەڕ دەبێت و بە ڕەچاوكردنی دۆخی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش كە حاڵی حازر بەشێك لە ڕۆڵەكانی شەهیدانی سەربەرزی یەكی شوباتیش لە بەرەكانی بەرگریدان، پێمان باش بوو یادی ئەمساڵ جیاواز لە یادی ساڵانی پێشوو سەرەڕای دانەواندنی سەری ڕێز بۆ شەهیدانی یەكی شوبات و سەرجەم شەهیدانی دەستی تیرۆر، پێشكەشكردنی ئەم یادداشتنامەیە بێت بە لایەنە پەیوەندیدارەكان و ناردنی سڵاو و پیرۆزبایی بێت بۆ ئەو پێشمەرگە و شەڕڤانە قارەمانانەی بە خوێنی خۆیان رۆژ لە دوای رۆژ دژ بە تیرۆر و جەهالەت، داستانی بێوێنە بۆ گەلەكەمان تۆمار دەكەن.
سەروەریی بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری كوردستان
سەرفرازی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان
لیژنەی هاوبەش
وێنەیەك بۆ:
• سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
• سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان
• سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران
• فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە
• كۆنسووڵگەری و نوێنەرایەتییە بیانییەكانی هەرێمی كوردستان
• لایەنە سیاسییەكانی كوردستان
• نوێنەرایەتیی هێزی هاوپەیمانان لە هەولێر
• گشت دامودەستگاكانی ڕاگەیاندن
