كۆبانی.. پێشمەرگە و شەڕڤانان ١٨ گوندیان ئازاد كردوون و ١٢ كیلۆمەتر پێشڕەوییان كردووە

 كۆبانی.. پێشمەرگە و شەڕڤانان ١٨ گوندیان ئازاد كردوون و ١٢ كیلۆمەتر پێشڕەوییان كردووە
فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی (موسڵیح زێباری) رایگەیاند، "پێشمەرگە و شەڕڤانان لە پێشڕەویدان و تا ئێستایش توانیومانە ١٨ گوند لەو سنووری كۆبانی ئازاد بكەین، هەروا لە رۆژهەڵاتی كۆبانییش ١٢ كیلۆمەتر پێشڕەویمان كردووە".

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی عەمید (موسڵیح زێباری) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی گوت، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ چوار گوندی دیكەیان ئازاد كراون، تا ئێستا ژمارەی گوندە ئازادكراوەكان لە سنووری كۆبانیدا بوون بە ١٨ گوند و لە پێشڕەویكردنیش بەردەوامن.

عەمید (موسڵیح) ئاماژەیشی دا كە، لە قۆڵی رۆژهەڵاتی كۆبانی تا ئێستا١٢كیلۆمەتر خاكی كۆبانی لە تیرۆریستانی داعش پاك كراوەتەوە و زیانی زۆریشیان پێ گەیەندراوە.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی ڕوونیشی كردەوە، تیرۆریستانی داعش توانای بەرگرییان نەماوە و زۆرینەی گوندەكان بە بێ بەرگری ئازاد كراون و تەنیا رادەكەن و بەرگری ناكەن.

(زێباری) راشیگەیاند، ئەمڕۆ بەنیاز بوون هێرش بكەن و خۆیان ئامادە كردبوو، بەڵام فڕۆكە جەنگییەكانمان لێ ئاگادار كردنەوە و بۆردوومانیان كردن، لە ئاكامیشدا دوو هەمەر و تانكێك و پێنج ئۆتۆمبێلی جۆری دەبل سووتێندران و پلانەكەیان شكستی برد.
Top