مەسروور بارزانی: ناردنی چەك بۆ هەرێمی كوردستان كەمی كردووە
ماڵپەڕی (bloombergview) لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی لەگەڵ سەرکەوتنەکانی ئەو حەفتەیەی پێشمەرگە بەسەر داعشدا، لەوانەیە بیر لەوە بکرێتەوە ئەمەریکا و عێراق چەک و پێداویستیی سەربازیی زۆر بۆ پێشمەرگە دەنێرن، کە لەڕاستیدا ئەوانن شەڕەکە دەکەن، بەڵام بەگوێرەی چاودێرانی کورد بێت پێشمەرگە کە جەنگی سەرزەوی لەدژی داعش دەکات، کەچی کەموکورتی چەک و تەقەمەنی زۆریان هەیە؛ هەڵبەت سەرکەوتنە بەردەوامەکانی پێشمەرگە ئەوەمان پێدەڵێت کە پێویستە عێراق و ئەمەریکا چەکی زیاتر و باشتر بۆ پێشمەرگە ڕەوانە بکات، بەڵام تا ئێستا ئەو هەنگاوەیان بەجێ نەگەیاندووە.
(bloombergview) چاوپێکەتنێکی ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان (مەسروور بارزانی) بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتماندا لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی سنووری نێوان عێراق و سووریادا (مەسروور بارزانی) پێی راگەیاندین کە، لەو چەند مانگەدا هێزەکانمان تەنها چوار جار کەرەستەی جەنگی بە دەست گەیشتوون، کەموکورتیی چەک و تەقەمەنی سەرەکیترین گیروگرفتی پێشمەرگەیە، ئەوەی بە دەستیشمان گەیشتوون نەگەیشتوونەتە ئاستێکی نزیک لەوەی پێویستمان بووە و، داوامان کردووە.
ماڵپەڕەکە لەژێر رۆشنایی گوتەکانی (مەسروور بارزانی)ـدا دەڵێت، ئەو گوتانەی (مەسروور بارزانی) یەکجار گرینگن و سەرنجی زۆرمان بۆ بەدیار دەخات، چونکە بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان دەبوو بەغدا بڕی یەک ملیار دۆلاری لەجیاتی هەناردەی نەوت بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان کردبا، بەڵام (مەسروور بارزانی) پێیراگەیاندین کە تا ئێستا هیچیان لەو بڕەپارەیە بە دەست نەگەیشتووە. هەڵبەت کوشکی سپییش ستراتیژیەتێکی وردیان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستانی داعش نییىە".
ماڵپەڕەکە ئاماژەیشی کردووە کە، (مەسروور بارزانی) کوڕی (مەسعوود بارزانی)ـی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە و، نەوەی سەرۆکی رێبەری رۆحیی نەتەوەی کورد (مستەفا بارزانی)ـیە، هەروا (مەسروور بارزانی) زۆربەی کاتەکانی لە بەرەی جەنگدا بەسەر دەبات و لە هێڵی پێشەوەی جەنگ و بەرەی شەڕدایە.
(bloombergview) لە ریگەی ئەو چاوپێکەوتنەوە بە جیهانی رادەگەیەنێت کە، بە ڕاستی ئەوەی ئێمە تێبینیمان کرد، لەلای کورد پێشمەرگە زۆر گرینگە، ئەو گرینگییە ورەی بە گەلی کورد داوە کە رووبەڕووی داعش بووەتەوە، هەروا داعش چەکی بەهێزی ئەمەریکاییان پێیە کە لە سوپای عێراقەوە بۆیان جێ ماون، پێشمەرگەش بڕێکی کەم لە چەکی مۆدێرنی هەیە.
ماڵپەڕەکە باسیشی کردووە کە، "ئەمەریکا ١٠ ساڵی رێکی لە ڕاهێنانی سوپای عێراقدا بە فیڕۆ دا، بلیۆنان دۆلاریان بۆ ڕاهێنان و چەکدارکردنی سوپای عێراق خەرج کرد، بەڵام وەک (مەسروور بارزانی) پێی راگەیاندین، هەموو ئەو چەکە قورس و ئۆتۆمبێلە گولـلەنەبڕانەی کە ئەمەریکا دابووی بە سوپای عێراق، لەماوەی تەنها ١٠ سەعاتدا کەوتنە دەستی داعش. هەڵبەت ئەو ئاماژەیەی (مەسروور بارزانی) دەگەڕێتەوە بۆ کەوتنی سوپای عێراق لە حوزەیرانی ڕابردوودا لە مووسڵ و دەوروبەری کەرکووک.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا (مەسروور بارزانی) هاوکات رایگەیاندووە، ئێمە خەریکە دەکەوینە گومانەوە کە لەوانەیە بڕیاری سیاسی بێت کە چ جۆرە چەکێک دەبێت بنێردرێت بۆ پێشمەرگە، هەڵبەت ئەوە ناکرێت پرسێکی تەکنیکی بێت، ئەوە زۆر دوورە لە هەر پرسێکی تەکنیکی. هەڵبەت ئەوە ستراتیژییەتی ئەمەریکایە کە لە ڕێگەی بەغداوە هاوکارییە سەربازییەکان بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەو هەڵوێستەی ئەمەریکا هەر وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە کە دەبێت بەغدا دوابڕیار لە رەوانەکردنی چەکەکان بۆ هەرێم بدات.
(bloombergview) زانیاریی دڕکاندووە کە، لە هاوکاریکردنی هیزەکانی پێشمەرگەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا سیاسەتێکی باشتر و گونجاوتر پێڕۆ دەکەن؛ لەوانە ئەڵمانیا دژەتانکی میلانی دروستکراوی فەڕەنسایی بۆ پێشمەرگە ناردووە کە وەک (مەسروور بارزانی) پێیراگەیاندین زۆر چەکێکی کاریگەرە بۆ تێشکاندنی هەمەرەکانی داعش.
ماڵپەڕەکە نموونەی بە گوتەیەکی (جەیمس جێفری) کە لەنێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢ باڵێوزی ئەمەریکا بوو لە عێراق هێناوەتەوە و، ئەو باسی کردووە کە لە سیاسەتی ئەمەریکادایە دەبێت عێراق بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە. (جێفری) ددانی بەو راستییەدا نا کە (مەسروور بارزانی) لەو گوتانەی کە بۆ ماڵپەڕەکە رایگەیاندوون لەسەر هەقە، سکاڵاکەی لەجێی خۆینی، چونکە ئەوان شەڕێکی باش و قارەمانانە دەکەن؛ کەچی چەکی قورس و پێداویستیی شەڕەکانیان نییە و بۆیان دابین نەکراون.
(مەسروور بارزانی) گوتی، ئەوە ئێمەین لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش دەکەین و، ژیانی خۆمان لە هێڵەکانی شەڕدا بەخت دەکەین، ئەوەی داوای دەکەین تەنها چەک و کەلوپەلی سەربازیی گونجاوە.
(مەسروور بارزانی) لە چاوپێکەتنەکەیدا نیگەرانیی گەلی کوردی دەربڕی کە هاوکاریی پێداویستیی سەربازی بۆ پێشمەرگە لە کانوونی یەکەمی رابردووەوە لە کەمبونەوەدایە، ئێستا ئەمەریکا لە ٢٥٠ ئۆتۆمبیلی گولـلەنەبڕ کە بۆ عێراقی دابین دەکات، تەنها بەڵێنی ٢٥ دانەی داوە بۆ هێزەکانی کوردستان دابینی بکات، ٩٠%ـی شەڕەکە پێشمەرگە دەیکات و ئەرک و ماندوبوونی شەڕەکان لە ئەستۆی پێشمەرگەدایە، کەچی ١٠%ـی چەک گەیشتوون.
