پۆلیسى هەولێر دەست گیرکردنى چەند تاونبارێکى راگەیاند
له باره‌ی ده‌نگۆی زۆربوونی دیارده‌ی دزینی ئۆتۆمبێلی پیكاب ده‌بڵ له هه‌ولێر، رائید كاروان عه‌بدولكه‌ریم له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا روونیكرده‌وه: كه نزیكه‌ی مانگێك و نیوه حاڵەتى دزینی ئۆتۆمبیلی تۆیۆتا پیكاب ناسراو به پیكاب مه‌رزیه له هه‌ولێر سه‌ریهه‌ڵداوه‌و تاوه‌كوو ئێستا 9 ئۆتۆمبیلی له‌مجۆره دزراون و توانراویشه ده‌ست به‌سه‌ر سێ له ئۆتۆمبیله‌كاندا بگیرێت.
له‌لایه‌ن نه‌هێشتنی تاوانه‌وه لیژنه‌یه‌كی لێكۆڵینه‌وه پێكهاتووه و له ئێستادا سه‌رقاڵی لێكۆڵینه‌وه‌ن له‌م حاڵه‌ته‌دا.
شه‌وی رابردوو له گه‌ڕه‌كی نه‌ورۆز له شاری هه‌ولێر دوای ئه‌وه‌ی پۆلیسی فریاكه‌وتن گومانى له ئۆتۆمبیلێك كرد، به‌هۆیه‌وه گومانلێكراوه‌كه به ده‌مانچه ته‌قه‌ی كرد‌و رووبه‌رووی پۆلیس بۆوه و دوای هه‌ڵاتنی له نزیك گه‌ڕه‌كی بێركۆتی تازه له نێوان بنه‌سڵاوه - كه‌سنه‌زان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیس كه‌سی گومان‌لێكراو ده‌ستگیركرا كه دوو پارچه چه‌كی جۆر ده‌مانچه‌ی پێ بوو.
گومانلێكراوه ناوی (ك.م.ش) 30 ساڵه و دوای پشكینین لە ناو ماڵه‌كه‌یدا ده‌مانچه‌یه‌كی دیكه و كلاشینكۆفێك و نزیكه‌ی 200 فیشه‌ك ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه.
پۆلیسی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد كه بڕێكی زۆر ئاڵتون له ناو ئۆتۆمیلی تۆمه‌تباره‌كه ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه و پسووی ساخته‌ی زێڕنگری پێ بووه و له ئێستاشدا كه‌سی ده‌ستگیركراو له‌لایه‌ن نه‌هێشتنی تاوان لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و ئه‌نجامه‌كان دواتر راده‌گه‌یه‌نن.
هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد كه دوو حاڵه‌تی دیكه‌ی دزینی ئۆتۆمبیل له هه‌ولێردا هه‌بووه، یه‌كێكیان دزینی ئۆتۆمبیلێكی جۆری لاندگرۆس مۆدیل 2012 ره‌نگ سپی بوو له‌لایه‌ن كه‌سێك به‌جلوبه‌رگی سه‌ربازی به زه‌بری چه‌ك له كه‌سێكی به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌ب ستاندوه له‌گه‌ڕه‌كی ئاشتی دوو.
ئه‌م رووداوه هه‌فته‌ی رابردوو بوو كه تۆمه‌تباره‌كه ناوی (ڕ.م.ح) 51 ساڵه‌و دانیشتووی سلێمانیە و دوای ناسینی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پۆلیسی سلێمانی ده‌ستگیركراو ئێستا له‌لایه‌ن پۆلیسی هه‌ولێر به‌نده.
حاڵه‌تێكی دیكه‌ش هه‌بووه كه ئه‌ویش ده‌چێته چوارچێوه‌ی تاوانی دزین، دوو تۆمه‌تبار به ناوه‌كانی (أ.أ) 21 ساڵ و (ش.ن.أ) 20 ساڵ كه هه‌دووكیان دانیشتووی هه‌ولێرن و رێككه‌وتوون و هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵی هاوڕێ یه‌كێكیان له گه‌ڕه‌كی فه‌رمانبه‌ران خاوه‌ن ماڵه‌كه‌یان قۆڵبه‌ستكردووه و دوای ئازاردانیشی ئۆتۆمبیله‌كه‌ی كه جۆری بیكاشۆ بووه دزیوه، كه خۆشبه‌ختانه دوو رۆژ دوای تاوانه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسی فریاكه‌وتن و نه‌هێشتنی تاوان ده‌ستگیركران.
هه‌ردوو تاوانباره‌كه دوای لێكۆڵینه‌وه دانیانناوه به تاوانه‌كه‌یان و ئێستا به‌پێی ماده‌ی 442 یاسای سزادانی عێراقی به‌ندكراون.
له كۆتایی لێدوانه رۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا، رائید كاروان عه‌بدولكه‌ریم رایگه‌یاند له ئایینده‌یه‌كی نزیكدا ده‌گه‌ینه ئه‌نجام و رایده‌گه‌یه‌نین.
