بەغدا.. فراکسیۆنە کوردییەکان كۆبوونەوەیەكی بەپەلە سازدەكەن
نوێنەرانی كورد لە بەغدا كۆبونەوەیەكی بەپەلە سەبارەت بە بودجەی عێراق و پشكی كورد لەو بودجەیە، لەگەڵ چۆنیەتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن.
ئێستا كۆبوونەوەكە لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا دەستیپێكردووە. ئارام شێخ محەممەد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ى راگەیاند:"من وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان، لەگەڵ سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنە كوردییەكان و ئەندامانی كوردی پەرلەمانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا بەشدارین". گوتیشی:" سەبارەت بە بڕیار و هەڵوێستمان لەسەر بودجەی عێراق و یەكدەنگیمان لەسەر بودجە قسەدەكەین، پێوستە هەڵوێستمان یەك بێت و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەین".
هاوكات زانا روستایی، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، داڕشتنێکی نوێ بۆ فرۆشتنی نەوت لە پارێزگا و هەرێمەکان کراوەتەوە، بەپێی ئەو داڕشتنە دەبێت هەر پارێزگایەک رۆژانە بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
روستایی گوتیشی: "ئەو داڕشتنە بەپێی ماددەی 111ی دەستووری عێراقە، ئەگەر پەیڕەوبکرێت هەرێمی کوردستان جگە لەو بڕەی کە دیاریکراوە، تەنها بۆ پێداویستی ناوخۆیی نەبێت ناتوانێت نەوت بەکاربهێنێت یان بفرۆشێت". زیاتر دەشڵێت:" کورد بەو یاسایە رازی نییە و هەڵوێستێکی دژی دەبێت".
كۆبوونەوەكەی ئەمشەو تایبەتە بە رێككەوتن لەسەر هەڵوێستی نوێنەرانی كورد لەسەر پشكی كورد لە بودجەی عێراق. وا بڕیارە سبەینێش بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراق لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەندبكرێت.
رووداو
