زنجیرەیەک بوومەلەرزە سلێمانییان هەژاند

 زنجیرەیەک بوومەلەرزە سلێمانییان هەژاند
دوای بومەلەرزەكەی كاژێر 6:25 خوولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، زنجیرەیەك بوومەلەرزەی دیكە شاری سلێمانی هەژاند، بەڕێوەبەری كەشناسی شارەكەش دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان كە ترسیان نەبێت "هەموو ساڵێك لەم جۆرە بومەلەرزانەمان هەبوو زیانیشی نەبووە".

دارا حەسەن فەرەج، بەڕێوەبەری كەشناسیی ‌و بومەلەرزەی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداوی) راگەیاند "دوای بوومەلەرزەكەی كاژێر 6:25 خولەكی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، كە گوڕەكەی 3.5 پلە بە پێوەری رێختەر بوو، زنجیرەیەك زەمینلەرزەی دیكە روویداوە، بەڵام گوڕەكەی كەمتر بووە و لە خوار 3پلەوە بووە".

بەڕێوەبەری كەشناسیی هەروەها دەڵێ‌ "پێویست ناكات هاووڵاتیان ترس دایانبگرێت، چونكە هەموو ساڵێك لەم جۆرە بوومەلەرزانە هەر بووە، رۆژ هەبووە 63 بوومەلەرزەمان تۆماركردووە و هیچ زیانێكیشی بەدواوە نەبووە".

بەڕێوەبەری كەشناسیی سلێمانی روونیشكردوە بوومەلەرزەكەی سەرلەبەیانی بە دووریی 20 كیلۆمەتر لە سەنتەری بوومەلەرزەی سلێمانی روویداوە و دەنگێكی بەهێزی هەبووە، بەڵام بوومەلەرزەكانی دیكە بەو جۆرە نەبوون. گوتیشی: "هیچیشیان زیانی بەدواوە نەبووە".










رووداو
Top