فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش لە شنگال زیاتر لە 80 كوژراو و برینداریان هەیە

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: داعش لە شنگال زیاتر لە 80 كوژراو و برینداریان هەیە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ (سێشەممە 27-1-2015)، چەكدارانی داعش لە میحوەری شنگال هێرشیانكردە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، بەڵام وەك فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرە دەڵێ "بە سەختی تێكشكێندراون و زیاتر لە 80 كوژراو و برینداریان هەیە". هەروەها ئاماژە بەوە دەكات كە ئەمیرێكیشیان كوژراوە.

عەمید بەهرام عەریف، فەرماندەی میحوەری شنگال لە لێدوانێكدا رایگەیاند " داعش لە 5-ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چەندین قۆڵەوە هێرشیانكردووەتە سەر شنگال و بەسەختی تێكشكێندراون". گوتیشی "لە شەڕەكەی ئەمڕۆ زیاتر لە 36 كەسیان لێكوژراوە و زیاتر لە 45 كەسیان بریندار بووە و زەرەر و زیانێكی زۆریان پێگەیشتووە، ئێستا دۆخەكە ئارامە و رەوشەكە بەتەواوی لەژێر كۆنتڕۆڵی پێشمەرگەدایە".

ئەو فەرماندەیەی میحوەری شنگال ئاماژەی بەوەشكرد، كە "لەشەڕەكەی ئەمڕۆ ئەمیرێكی داعش بەناوی ئەبوعومەر كوژراوە".

ئاماژەی بە رۆڵی هێزی هاوپەیمانان لە شەڕەكەی ئەمڕۆ كرد لە شنگال و گوتی: "بۆردوومانی ئاسمانی هێزی هاوپەیمانان كاریگەرییەكی زۆری هەبوو لە شەڕەكەی ئەمڕۆدا و زیانێكی زۆری بە چەكدارانی داعش گەیاند".







رووداو
Top