فەرماندەیەکی پێشمەرگە: کۆبانێ بە تەواوی ئازادکرا

 فەرماندەیەکی پێشمەرگە: کۆبانێ بە تەواوی ئازادکرا
فەرماندەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە کۆبانێ، کە وەک هێزی پشتیوانیی لە رۆژئاوای کوردستانن بۆ پشتگیریکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، رایگەیاند، شاری کۆبانێ بە تەواوی رزگارکرا.

موسلیح زێباری، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ مزگێنی كۆنترۆڵكردنەوەی كۆبانێ رادەگەیەنێت و گوتی، "گەڕەكی كانی كوردان بە تەوای كۆنترۆڵكرا و ئێستا تەنها گەڕەكی مكتەل ماوە، كە ئازاد بكرێت و ئەویش پێشتر گوندبووە و بووەتە بەشێك لە كۆبانێ و ئێستا پێشمەرگە و شەڕڤانان بەرەو ئەوێ دەڕۆن".

موسلیح زێباری پێیوایە كۆنترۆڵكردنی ئەو گەڕەكەش "كارێكی ئاسانە و ئومێد بەخوا ئەمڕۆ كۆبانێ بە تەواوی لە داعش پاكدەكرێتەوە".

سەبارەت بە بەردەوامیی هێرشەكان لە گوندەكانی دەورووبەری كۆبانێ، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی، "هەڤاڵانی ئێمە لەگەڵ شەڕڤانان بەردەوامن لە كۆنترۆڵكردنەوەی گوندەكانی دەورووبەری كۆبانێ و ئێستا گوندەكانی تەرمیك و ممیت كۆنترۆڵكراونەتەوە و هێرشەكان بەردەوامن بۆ ئازادكردنی ئەو گوندانە و تانكێكی هەڵگری تەقەمەنی و كەلوپەلێكی زۆری سەربازیی داعش كەوتووەتە دەست پێشمەرگە و شەڕڤانان".

سەبارەت بە زیانەكانی پێشمەرگە و شەڕڤانان لەو شەڕەدا، ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە گوتی، "لە شەڕەكەی ئەمڕۆدا، چەند بریندارێكی سوك هەیە، بەڵام خۆشبەختانە تاوەكو ئێستا شەهیدمان نەبووە."











رووداو
Top