هاوپەیمانانی رۆژئاوا چەكتان پێدەدەن بۆ ئەوەی شەڕی داعش بكەن، بەڵام فیكرتان پێنادەن بۆ ئەوەی بەسەر ئایدیۆلۆژیای داعشدا زاڵ بن
فرانك گریفیل گوتی: پێموایە هەڵە دەكەن كاتێك دەڵێن: سەرجەم سەلەفییەكان جیهادین، سەلەفیزم- ناڵێم جیهادیزم تەحەددیەكی گەورەترە بۆ ئیسلام، هەروەها سەلەفیزم بزووتنەوەیەكی بەربڵاوترە، زۆرێك لە سەلەفییەكان هەن كە هەرگیز لە توندوتیژیەوە تێوەنەگلاون و زۆریش ئاشتییانەن. دەبێت درك بەوە بكەین كە ئەمە لە كۆتاییدا بزووتنەوەیەكی تیولوجییە و هەندێ ئایدیا و تیولۆجی دیاریكراوی هەیە. كەواتە كاتێك ئێوە دەڵێن: دەبێت تێگەیشتنێكی نوێ هەبێت بۆ ئیسلام، ئەوا پرسیارەكەی من ئەوەیە: پێشنیاری چی دەكەن؟ چونكە لە راستیدا ئەم كەسانە پێشنیاری تێگەیشتنێكی نوێ دەكەن بۆ ئیسلام كە لە تیولۆجیای ئەشعەری و تیولۆجیای شیعە و تیولۆجیای ماتریدی جیاوازە- كە بۆ سەدەیەك وتراوەتەوە- هەر لە مەدرەسەكانی ئیسلامەوە بەردەوام بووە تاوەكو دەگاتە زانكۆ مۆدێڕنەكان. ئەم خەڵكانە تەحەددای ئەمە دەكەن و دەڵێن: دەتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ دەقە ئەسڵییەكان، بە مانای قورئان و حەدیس، و پێویست ناكات شوێنكەوتەی هیچ قوتابخانەیەكی شەرعی بیت. ئەمە زۆر هێزبەخشە و جێی بایەخپێدانە بۆ كەسانێكی زۆر و ئەو كەسانەش شوێنی ئەوە كەوتوون. ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە لە ئەنجامی ئەو هەلومەرجانەوە جیهادیزم دروست دەبێت، لە كۆتاییدا سەردەكێشێت بۆ شەڕی ناوخۆیی و توندوتیژی. ئێمە ئەمە لە وڵاتە رۆژئاواییەكاندا بەدی ناكەین. چونكە، بە بەراورد بە زۆرێك لە وڵاتە ئیسلامییەكان- وڵاتانی رۆژئاوا ئازادییەكی زیاتر دەدەن بە سەلەفییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئیسلامی تایبەت بە خۆیان.
شايانى گریفیل هەروەها گوتی: بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ بیریارانی سەلەفییەت لە ئەوروپادا بوونیان هەبووە. ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەمالەددینی ئەفغانی كە كەسێك پێش بزووتنەوەی سەلەفییەكان بوونی هەبوو. ئەو رۆژنامەیەكی لە پاریس دەركرد، پێش ئەوەی هیچ رۆژنامەیەكی دیكە لە جیهانی عەرەبیدا بڵاوببێتەوە. پێموا نییە ئەوە راست بێت كە بگوترێ لەم بارودۆخەدا شتێكی نوێ هەیە لەم بارەیەوە. هیچ شتێكی نوێ لەم بارودۆخەدا نابینم، ئەوەی هەیە شەڕی ئایدیاكانە، ئەوەی دەمانەوێ بوونی ئایدیایەكی نوێیە كە توانای بەرەنگاربوونەوەی سەلەفی هەبێت، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێك بەدی ناكەم كە تاقی نەكرابێتەوە. زۆرێك لە رۆشنبیرانی عەرەب رایانوایە لە رێی عەلمانییەتەوە بەرەنگاریی سەلەفییەت بكرێت، ئەوەش سەركەوتوو نەبووە.
لە كۆتاییدا گریفیل هەروەها گوتی: بە راستی رووبەڕووبوونەوەیەكی رۆشنبیری جددی لەگەڵ داعشدا بەدی ناكەم، مەبەستم ئەوەیە رووبەڕووبوونەوەی سیاسی و رووبەرووبوونەوەی سەربازی هەیە، بەڵام كەسێك نایەتە پێشەوە و موناقەشە لەگەڵ كەسێكی نێو داعش بكات لەسەر كەناڵی ئەلجەزیرە. ئیسلامییەكان رووبەڕووی تەحەددی نەبوونەتەوە لە رووی ئەوەی مشت و مڕ لەسەر ئایدیاكانیان بكرێت، رووبەڕووی تەحەددی نەبوونەتەوە لەبارەی تێگەیشتنیان بۆ مێژوی ئیسلام و دەسەڵاتی ئیسلامی و لەبارەی ئەوەی كێ دەسەڵاتی بڕیاردانی جیهادی هەیە و كێ دەسەڵاتی تەكفیركردنی هەیە. گفتوگۆیەكی كراوە ناكرێت لەبارەی ئەم پرسانەوە. ئەوەی داعش لە زۆرێك لە بزووتنەوە جیهادییەكان جیا دەكاتەوە ئامادەبوونیەتی بۆ تەكفیركردنی موسڵمانە ئاساییەكان.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1011)
