بەشی هەرە زۆری كۆبانێ ئازادكراوە و تەنها تاقێ كوردان ماوە ئازاد بكرێت

بەشی هەرە زۆری كۆبانێ ئازادكراوە و تەنها تاقێ كوردان ماوە ئازاد بكرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان عەمید موسڵیح زێباری فەرماندەی پێشمەرگە لە كۆبانێ بۆ گوتى: هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانێ رۆڵێكی گرنگیان هەبووە، چونكە هێزی پێشمەرگە بە چەكێكی گران چوونەتە ئەوێ، بەتایبەتی ئەمڕۆ (20/1/2015) چەكەكانی خۆمان گەیاندە نزیك مشتەنوور و دەوروبەری ئەوێمان خستە بن كۆنتڕۆڵی ئاگری پێشمەرگەوە و تا قووڵاییەكی زۆر توانیومانە جموجوڵی تیرۆریستان پەك بخەین، دواتر پێش ئەوەی ئێمە بێینە هانای شەڕڤانان چەكی ئەمان هەمووی چەكی سووك و مامناوەندی بوون، بەڵام بە پشتیوانی هێزەكەی ئێمە زۆربەی ناوچەكانی كە ئێستا تێیداین هاتوونەتە كۆنتڕۆڵكردن و پێگەكانی دوژمن كەوتوونەتە بەر گورزی قورسی ئاگری پێشمەرگە و توانای هێرشكردنی تیرۆریستانی داعشی كەم كردۆتەوە. ئەمڕۆش (20/1/2015) هێزی پشتیوانی یەك و دووی لەشكری كوردستان هێرشیان كردە سەر رێگەی حەلەب لە رۆژهەڵات و باشوورەوە، لەو هێرشەدا شەڕڤانانی یەپەگە و چەندین هێزی كوردی بە پشتیوانیی تۆپخانەی هێزی پشتیوانی پێشمەرگە توانراوە زیاتر لە 300 مەتر كۆنتڕۆڵ بكەن، كە شوێنێكی زۆر گرنگی سەر رێی حەلەبە كە هێزی فریاگوزاری لەشكری و ئیداری تیرۆریستانی تێدایە.

عەمید موسڵیح هەروەها گوتی: بەڕێز سەرۆك بارزانی لە پێوەندیدان لەگەڵمان و پێمان رادەگەیەنن كە لە پشتگیری هەڤاڵانی یەپەگە كەمتەرخەمی نەكەین و وا بزانین كۆبانێ وەك شنگال وایە و چ جیاوازییان نییە، هەر ئەوەش ورەی پێشمەرگەكانی بەرزتر كردۆتەوە تا بەوپەڕی لەخۆبوردوویی و بە جەربەزەوە هاریكاری شەڕڤانان بكەن.

شایانی باسە موسڵیح زێبارى گوتی: لە سەدا حەفتای تێكشكاندنەكانی دوژمن بەهۆی رۆڵی چەكە قورسەكان و دیقەتی پێشمەرگەكانی تۆپخانە و كاتیۆشای ئێمە بووە لە پێكانی ئامانجەكاندا، چونكە دوژمن لە هەندێ جێگەدا زۆر بە مەحكەمی لە ناو بیناكاندا سەنگەریان داناوە، گەر بە چەكی گران نەبێت، شوێنەكانیان تێكناشكێندرێت، هێزی پشتیوانی زۆر شارەزای بەرەی جەنگەكە بوون و بە دیقەتەوە چ ماشێن و چ نەفەرەكانی داعش دەپێكن و ناهێڵن پێشڕەوی بكەن و هێرش بكەنە سەر هێزە كوردییەكان، هەروەها هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانیش هاریكاری ئێمەن، كاتێ داعشییەكانیش هێرشی بەربڵاو دێنن، هێزەكانی شەڕڤانان پشت بەو پاڵپشتییە دەبەستن كە ئێمە بۆیان دابین دەكەین و وەك یەك تیم رووبەڕووی هێزەكانی داعش دەبینەوە.

هەروەها زێبارى گوتی: ئێمە تەنیا 200 مەترێك لەوانەوە دوورین، زیاتر لە بیست لاشەی تیرۆریستان كەوتنە بەردەستمان و هەموویان لە سوودانی و ئەفغانی و چیچانی و عەرەبی وڵاتانی ترن، ئەمڕۆش 20/1/2015 بیست و پێنج لاشەی ئەوان كەوتنە بەردەستمان و لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە چەك و تەقەمەنی كەوتنە بەردەست هێزە كوردییەكان، جۆری چەكەكانیان هەمان ئەو چەكانەن كە سوپای عێراق لە موسڵ و دەوروبەری بەجێیان هێشتبوون، هەمەرێكی زۆریان پێیە، جگە لە دۆشكە و بی كەی سی و هاوەن و تفەنگی ئەمریكی و رووسی كە لە بەزینی سوپای عێراقەوە دەستیان كەوتووە.

لە كۆتایی قسەكانیدا موسڵیح گوتی: تیرۆریستان تەنیا تاقێ كوردانی ناو كۆبانێیان بە دەستەوە ماوە كە لە ژێر بۆردومان و گوللەبارانكردنی هێزەكانی ئێمەدان، ئینشائەڵڵا ئومێد هەیە لە كاتێكی نزیكدا مژدەی ئازادكردنی تەواوی ئەو شارە بدەینە خەڵكی هەر چوار پارچەی كوردستان.

بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(1011)
Top