ناوه‌ران؛ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هێرشه‌كه‌ی ئەمڕۆی تیرۆرستانی داعشیان تێك شكاند
عه‌مید (حوسێن عه‌لی بلانی) جێگری سوپای سێی زێره‌ڤانیی شێخان له قۆڵی ناوه‌ران، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "سەعات شه‌شی ئەم به‌یانییە، تیرۆرستانی داعش هێرشیان كرده سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه به چه‌ندین هه‌مه‌ر و، خۆكوژ و، شۆفڵەوە، به‌ڵام هێزی پێشمه‌رگه ڕووبه‌روویان بوونه‌وه و، توانییان شكست به هێرشه‌كه‌یان بهێنین."
(عه‌مید حوسێن بلانی) گوتیشی: "توانیمان پێنج هه‌مه‌ر بە خۆكوژەوە، تێك بشكێنین و، به به‌رچاوی خۆمانەوە سووتان؛ سوارەکانیش كه‌سیان ده‌رباز نه‌بوون، هه‌موویان كوژران. ئه‌وه‌ی ماویشه ناهێڵین له ده‌ستمان ده‌ربچن.
جێگری سوپای سێی زێره‌ڤانی، گوتیشی: "فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا و، هاوپه‌یمانانیش هاوكارمان بوون له تێكشكاندنی تیرۆرستانی داعشدا؛ ئێستا هەر تەقەی دووراودوور هەیە."
