پێشمەرگە ژمارەیەك گوندی دیكەی كۆنتڕۆڵكرد و گورزی گەورەی لە داعش داوە
موقەدەم ئیدریس شەعبان، لە فەرماندەی دهۆكی لەشكری كوردستان بە پەیامنێری راگەیاند: بەیانی ئەمڕۆ لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، قۆناغی سێیەمی هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر مۆلگەكانی داعش دەستپێكرد و لە زوممارەوە بەرەو ناحیەی عیازیە و سالحیە و ئاڤگەنی و تل جدوح، پێشمەرگە ئەمڕۆ زیاتر لە هەشت كیلۆمەتر لەو سنورە پێشڕەویكردووە و تیرۆرستانی داعش لە پاشە كشەدان.
موقەدەم ئیدریس گوتیشی: هێرشەكە بەردەوامە و سالحیە گوندێكە سەنتەری ناوچەكەیە و كەوتووتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و تەنیا لە سالحیە 10 تەرمی داعش كەوتووتە دەستی ئێمە و سێ ئۆتۆمبێڵی داعش تەقێندراونەتەوە لەلایەن پێشمەرگەوە، هێشتاش پێشمەرگە پێشڕەوی دەكات بۆ ئەوەی هەموو رێگاكانی تەلەعفەر كۆنتڕۆڵ بكات.
