عەللاوی: لە رووی مەبدەئییەوە من لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتم بۆ كورد

 عەللاوی: لە رووی مەبدەئییەوە من لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتم بۆ كورد
جێگری سەرۆككۆماری عێراق، لەبارەی دروستبوونی دەوڵەتی كوردییەوە راگەیاند، کە لە رووی مەبدەئییەوە لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتێکە بۆ کورد، بەڵام "ئێستا كاتەكە گونجاو نییە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و ئەو بابەتە لەم كاتەدا لە بەرژەوەندی هیچ لایەك دانییە".

ئەیاد عەللاوی، جێگری سەرۆككۆماری عێراقلە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند، "ئێستا بە تەنیا باس لە كوردانی عێراق ناكەین، بەڵكو باس لە كوردانی ئێران و سووریا و توركیاش دەكەین، ئێستا گۆڕەپانی فراوانی سیاسی كورد، لەو رووبەرە فراوانەی، كە لە ئێرانەوە بەرەو و توركیاوە دێت بۆ سووریا و تاكو دەگاتە رووسیای ئیتیحادی، ئەمە جگە لە عێراق، بارودۆخەكەی هەمووی لێكچوو و وەك یەك نییە".

ئەیاد عەللاوی پێیوایە وڵاتانی ناوچەكە لەبەر هۆکاری جیاجیا بە دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان رازی نین، رەنگە "نەك لەبەر دژایەتی كورد، بەڵكو لەبەرئەوەی كێشەیان زۆرە".

جێگری سەرۆککۆماری عێراق هەروەها باسی لەوەکرد، کە لە دوا دانیشتنی لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، "بە راشكاوی بە رستەیەك پێمگوت، ئێوە دوا ئامانجتان دامەزراندنی دەوڵەتە، بەڵام دەوڵەتێكی 40 بۆ 50 ملیۆن كەسی، راستە ئەوە هەق نییە، کە كورد بێدەوڵەتە، بەراستی لە جێگای خۆی نییە كورد دەوڵەتی نەبێت، بەڵام ئەو دەوڵەتە بەخوێن دادەمەزرێت، یان بە خۆشی و ئاشتەوایی وەك وڵاتانی دیكە؟، چونكە لێرەش دەزگا و دامەزراوە هەیە و كەی كاتەكەی گونجاوبوو بەجددی بخرێتەڕوو، بەڵام ئێستا بردنی بارودۆخەكە بەلای كێشە و ئاڵۆزیدا لەلایەن كوردەوە، یان عەرەب، یان توركمان، یان ئێرانەوە، یان ئەمریكا، یان سووریا لە بەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەكە نییە".

ئەیاد عەللاوی هەروەها ئاشکرایکرد، کە "لەرووی مەبدەئییەوە من لەگەڵ دەوڵەتم بۆ كورد، بەڵام ئێستا كام دەوڵەت؟ دەوڵەتی هەولێر، یان سلێمانی، یان قامشلۆ؟".








رووداو
Top