پێشمەرگە گوندێكی دیکە لە تەلەعفەر كۆنترۆڵدەكاتەوە

 پێشمەرگە گوندێكی دیکە لە تەلەعفەر كۆنترۆڵدەكاتەوە
هێرشی پێشمەرگە بۆ سەر چەند گوندێكی نزیك ناحیەی عیازیەی سەربە قەزای تەلەعفەر دەستیپێكرد و تاوەکو ئێستا دەیان تەرمی چەكدارانی داعشیش کەوتوونەتە دەست هێزەکانی پێشمەرگە.

سەرچاوەیەك لە لیوای چواری پیادەی هێزی پێشمەرگە، رایگەیاند، سەرلەبەیانی ئەمرۆ شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2015 كاژێر 7، هێرشی پێشمەرگە لە دوو لاوە بۆ سەر چەند شوێنێكی دەڤەری ناحیەی عیازییە دەستیپێكردووە و ئێستا گوندی ساڵحیەی بە تەواوی كونترۆڵكردووە، كە لەو گوندەوە، داعش تەرمی چوار چەكداریان بە جێهێشتووە.

بەپێی سەرچاوەكە، ئەو شەڕە زۆر قورس بوو، لەبەر ئەوەی چەند ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان ئامادە كردبوو بۆ ئەوەی خۆیان بە پێشمەرگەدا بتەقێنەوە، بەڵام فڕۆكە هاوپەیمانەكان سێ ئۆتۆمبێلیان تێكشكاند و پێشمەرگەش دووی دیکەی تێکشکاند.

بەپێی زانیارییەکان، لەو شەڕەدا هیچ زیانێک بە هێزەکانی پێشمەرگە نەگەیشتووە و چەندین چەكی سووك و گرانی داعشیشیان كەوتووتە دەست.










رووداو
Top