فەرماندەی دھۆک: چاوەڕوانی سەرکەوتنی مهزن بن. ناوچەیهكی بهرفراوان لە داعش پاک کراوەتەوە و، زیانی داعشان زۆره
(شیخ عەلی) فەرماندەی فەرماندەیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "شەر بەردەوامە و، لە قۆڵی ئیمە كه لە ڕۆژھەڵاتداین و، تاوەکو ئێستا چوار گوند پاک کراونەتەوە و، 15تەرمی تیرۆریستانی داعشیش کەوتووەتە دەستمان؛ وا خەریکین بەرەو گردمامز و عوزێم دەچینە پێشەوە؛ لە قۆڵی بەنداوی مووسڵدا، گردهزێر تەواو بووە و، بەرەو مووسڵ پێشڕەوی دەکرێت و، زیانی داعش گەلێک زۆرە."
شیخ عەلی گوتیشی: "جگە لەو گوندانەی گیراونەتەوە، شارەدێی وانکێیش پاک کراوەتەوە؛ شەڕەکە گەرمە، چاوەڕێی سەرکەوتنی گەورە بن."
(ساڵح میرانی)، بەرپرسی ناوچەی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە زوممار، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشڕەویکردنی ھێزی پێشمەرگە بەردەوامە و، زیانێکی زۆریان لە داعش داوە؛ خۆکوژێک ھێرشی ھێنا بۆ ئەوەی خۆی بتەقێنێتەوە، بەڵام دەستگیر کرا و، بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنییش کەوتووەتە دەست ھێزی پێشمەرگە و، شەڕ هێشتایش گەرمە."
لەو لایشەوە، ئەفسەرێکی ھێزی پێشمەرگە بە ناوی ڕائید (ئەحمەد سورچی) گوتی: "ئێستا ئێمە گەیشتوونەتە سەر حەشارگەیەکی چەک و، تەقەمەنیی داعشان؛ چەکوجۆڵێکی زۆری تێدایە، بارەگای سەرەکیی داعش بووە لە ناوچەکەدا."
