پەیامی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

پەیامی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی شەست و نۆهەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

لە بەشێک لە پەیامەکەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دا هاتووە " ئەو روداوە مەزنە بۆ ئێستا و بۆ هەمیشە لاپەڕەیەكی پڕشنگدار و ئیلهام بەخشی خەبات و خۆڕاگری و مقاوەمەت و پێداگیری رۆڵەكانی نەتەوەكەمانە لەسەر مافی چارەی خۆنوسین و ئازادی و گێرانەوەی مافە زەوتكراوەكانمان."

دەقی پەیامی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئەمڕۆ كە گەلەكەمان رووبەرووی جەنگێكی چارەنوسساز و دوژمنێكی سەرسەخت دەبێتەوە، ساڵیادی یەك لە سەروەرییە مەزن و مێژووییەكانمان دەكەینەوە كە ئەویش یادی دامەزراندنی كۆماری كوردستانە لە مەهابادی خوێناوی.

ئەو روداوە مەزنە بۆ ئێستا و بۆ هەمیشە لاپەڕەیەكی پڕشنگدار و ئیلهام بەخشی خەبات و خۆڕاگری و مقاوەمەت و پێداگیری رۆڵەكانی نەتەوەكەمانە لەسەر مافی چارەی خۆنوسین و ئازادی و گێرانەوەی مافە زەوتكراوەكانمان. بەردەوامی و نەپساوەیی تێكۆشانی رزگاریخوازیی لەو سەردەمەوە تا بە ئەمڕۆ دیسان سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە نەتەوەی كورد ناسرەوێ و مل بۆ داگیركاری و بندەستیی شۆڕ ناكات و چاكترین چارەسەریش بۆ دۆزی نەتەوەی كورد و بەرقەراركردنی ئاشتی لە ناوچەكەدا تەنیا و تەنیا سەلماندنی مافەكانی و كۆتایی هێنانە بەو ستەمە نەتەوەییەی كە لەو پەڕی هەراشی و دڕندەییدا، نە توانیویەتی كۆتایی بەو دۆزە بێنێ و نە كورد لە خەبات سارد و پەشیمان كاتەوە.

ئەمڕۆ كە ئەو یادە مەزنە دەكەینەوە، لە سایەی خوێنی شەهیدانی مەهاباد و تێكرای خۆبەختكارانی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەماندا دۆزی كورد لە سەر ئاستی دونیا وەك دۆزی میللەتێكی ئازادیخواز و خاوەن پەیامێكی ئینسانی ناسراوە و دۆست و پشت و پەنایی دونیای ئازادی بەدەستهێناوە و بە هەنگاوی گەورە لە سەركەوتن و بەدیهاتنی ئاواتەكانی نزیك بۆتەوە. ئەو بەرگرییە شێرانەیەش كە پێشمەرگە گیانفیداكانی كوردستان بەرامبەر دڕندەترین هێزی تاریكی پەرست و هەمەجی و لە جیاتی هەموو جیهان دەیكەن، هێندەی تر ناوبانگ و ناوەڕۆك و پەیامی ئینسانی و دیموكراتخوازانەی كوردایەتی لەسەر ئاستی گەلانی دونیا سەنگین تر كردووە.

ئێمە لە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان ئەگەرچی ئەمساڵ بە‌هۆی نالەباری هەلو‌مەرجەكەوە بۆمان نەگونجا وەك ساڵان مەراسیمی تایبەت بەو یادە بگێڕین، بەڵام لە هەموو ساڵێك زیاتر ئەو یادە مەزنە بەرز و بەڕێز رادەگرین و ئیلهام و دەرس و مەغزای شۆڕشگێرانە و خەباتكارانەی لێ وەردەگرین.

لە یادی كۆمارە جوانەمەرگەكەی كوردستاندا هەزاران درود و سڵاو بۆ گیانی پاكی پێشەوای نەمر قازی محەمەد و تێكڕای شەهیدانی كۆمار و شەهیدانی رێگای رزگاری كوردستان .

سەركەوێ خەباتی رەوای گەلی كوردستان لە پێناو ئازادی و دیموكراتی و مافی چارەنووس.

سڵاو لەو پێشمەرگە و خەباتكارانەی بە گیانفیدایی و قوربانیدان ئەو لاپەڕە پڕشنگدارەیان لە مێژووی گەلەكەماندا نەخشاند .

بەرز و بەڕێز بێت یادی پڕشكۆی كۆماری كوردستان .



وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان
Top