بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرە سێ نرخی بۆ عومرەكاران دیاریكرد
قاسم رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە نرخەكانی روونكردەوە و ئاماژەی بەوەدا، كە بۆ ئەو هۆتێلانەی كە لە سەنتەری مەككەوە نزیكن پێویستە هەر عومرەكارێك بڕی 975 دۆلار بداتە خاوەنی كۆمپانیاكە. هەروەها ئەو شوێنە نیشتەجێبوون و هۆتێلانەی دەكەونە شەقامی ئیبراهیم خەلیل تاوەكو پردی مەسفەلە، پێویستە عومرەكارەكان 950 دۆلار بدەنە كۆمپانیاكان، بە مەرجێك پاس بچێتە بەردەرگای هۆتێلەكە بۆ گواستنەوەی عومرەكاران و لە سێ ئەستێرەش كەمتر نەبێت.
هەروەها گوتیشی لە هۆتێل قەسر جنادیرە تا پردی حوجون بۆ هەر عومرەكارێك 925 دۆلار دیاریكراوە و ئەو سێ نرخەش نەگۆڕن و تا كۆتایی مانگی شەعبان دانراوە و لە كاتی مانگی رەمەزاندا ئاڵوگۆڕ بەسەر نرخەكاندا دێت.
ئاشكرایشی كرد: "لە گەشتەكانی عومرە كە لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو سعودییە دەكرێن، هەموویان بە هێڵی نیشتمانیی ئەنجامدەدرێن، چ هێڵی ئاسمانی عێراقی بێت یاخود زاگرۆس لە هەرێمی كوردستان".
بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە گوتیشی: "40 كۆمپانیا لێی سوودمەند دەبن، لە هەمانكاتدا رەنگە 30 تاوەكو 40 هەزار هاووڵاتی گەشتی عومرەكەیان بكەن، بۆیە لە كاتی دانانی نرخدا پێویستە هاوسەنگی لەنێوان كۆمپانیاكان و هاووڵاتیان رابگرین".
رووداو
